ئەردۆغان لە دوای چوونی بۆ سعودیە و كوێت دەچێتە قەتەر

ئەردۆغان لە دوای چوونی بۆ سعودیە و كوێت دەچێتە قەتەر
سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ شای سعودیە کۆبووەوە، دوای ئەو وڵاتەش سەردانی کوەیت و قەتەر دەکات.

ئەمرۆ ماڵپەری رووداو بڵاویكردۆتەوە كە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ کەنداو، شاری جەددەی سعودیە بوو، کە لەوێ لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە و محەممەد بن سەلمان، جێگری شا و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

دوای سعودیە، ئەردۆغان بەرەو کوەیت بەڕێدەکەوێت و لەگەڵ شێخ سەباح ئەحمەد سەباح، ئەمیری کوەیت کۆدەبێتەوە. دوای ئەوەش دەچێتە دەوحە و لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر کۆدەبێتەوە.

سەردانی ئەردۆغان بۆ وڵاتانی کەنداو لەکاتێکدایە، ناکۆکی نێوان قەتەر و چوار وڵاتەکەی عەرەبییەکەی دیکە بە چە‌قبەستوویی ماوەتەوە، تورکیا داوا دەکات بە دانوستاندن کۆتایی بە قەیرانی کەنداو بهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا هاوکاری قەتەری کردووە و چەندین فڕۆکەی بارهەڵگر پێداویستی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

تورکیا بنکەیەکی سەربازی لە قەتەر هەیە، داخستنی ئەو بنکەیە یەکێکە لە داواکارییەکانی سعودیە و هاوپەیمانەکانی لە قەتەر، بەڵام دەوحە رەتیدەکاتەوە دایبخات.

سعودیە، بەحرەین، ئیمارات و میسر گەمارۆیان بەسەر قەتەردا سەپاندووە، لەبەرامبەر هەڵگرتنیشیان، جێبەجێکردنی 13 خاڵیان بەسەر دەوحەدا کردووەتە مەرج.

ئەمیری قەتەری ئامادەیی بۆ دانوستاندن دەربڕیوە، ئەنوەر قەرقاش، وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش دەڵیت، پێشوازی لەو هەنگاوەی قەتەر دەکەن بەڵام، وڵاتەکەی تەنیا ئەوک اتە گفتوگۆ لەگەڵ قەتەر دەکات کە دەوحە چاوی بە سیاسەتەکانی خۆی خشاندبێتەوە و گۆڕانکاری ئەنجامدابێت.

پێش بەڕێکەوتنی بۆ جەددە، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ، ئەردۆغان باسی لە کێشەی مزگەوتی ئەقسا کرد و رایگەیاند، بەرامبەر بە بریندارکردنی مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم - قودس بێدەنگ نابن، چونکە ئەم شوێنە پیرۆزە تەنیا هی فەڵەستنییەکان نییە، بەڵکو شوێنێکی پیرۆزیشە بۆ هەموو موسڵمانانی جیهان.

ئەردۆغان گوتی: شوێنە پیرۆزەکەی ئۆرشەلیم تەنیا پەیوەست نییە بە فەڵەستینییەکان، بەڵکو شوێنێکی جێی شانازیی و هەروەها شوێنێکی پیرۆزی نزیکەی 1.7 ملیۆن مسوڵمانیشە، نابێت کەسێک هەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات هیچ کاردانەوەیەک نەبێت کاتێک ئەو شوێنە پیرۆزە بریندار دەکرێت بە سنووردارکردنی و گرتنەبەری رێکار بەرامبەری.

محمد سلێمان
Top