رووسیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە میسر رێک دەکەون
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی شەممە 21\7\2017 رایگەیاندووە: هەرچەندە سوپای ئەلڕەحمانی نزیک لە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە راگەیاندووە، بەڵام ئاگربەست ئەو گرووپە ناگرێتەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەروەها رایگەیاندووە: نوێنەری رووسیا و گرووپە ئۆپۆزسیۆنە میانـڕەوەکانی سووریا لە غوتەی دیمەشق، لە کۆبوونەوەکانیاندا لە میسر، رێککەوون لەسەر راگرتنی شەڕ لەگەڵ رژێمی سووریا.
رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری سەرچاوەکانی باسی لەوە کردووە، کە ئەگەری ناردنی هێزێکی وڵاتانی عەرەبی بۆ غوتەی دیمەشق هەیە، بۆ پاراستنی ئاگربەست و چاودێری کردنی رێککەوتنەکە.
لەبەرامبەر راگرتنی شەڕ لەگەڵ رژێمی سووریا، رووسیا بەڵێنی رێگاکردنەوەی بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غوتەی دیمەشق داوە لەگەڵ ناردنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.
ژمارەیەک گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دەوروبەری دیمەشق شەڕی رژێمی سووریا دەکەن، کە بەهێزترینیان سوپای ئیسلامە و هەر لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاش غوتەی دیمەشق لەلایەن هێزەکانی رژێمی سووریا گەمارۆ دراوە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنیوز
