وڵاتانی عەرەبی گۆڕانکاری لە مەرجەکانیان بۆ قەتەر دەکەن

 وڵاتانی عەرەبی گۆڕانکاری لە مەرجەکانیان بۆ قەتەر دەکەن
سعودیە و ئەو وڵاتە عەرەبییەکانەی بایکۆتی قەتەریان کردووە، دەست لە بەشێک لەو 13 مەرجە هەڵدەگرن کە بۆ دەوحەیان دانابوو جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا کۆتایی بە بایکۆتەکەیان بهێنن.

دیپلۆماتکارانی سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانیان راگەیاندووە، وڵاتەکانیان دەیانەوێت قەتەر شەش بنچینەی گشتیی جێبەجێ بکات.

ئەو بنچینانە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پەڕگیری و کۆتاییهێنان بەهاندان لەخۆدەگرێت. هێشتا قەتەر، کە پشتگیریکردن لە تیرۆر رەتدەکاتەوە، هیچ هەڵوێستێکی لەسەر ئەو قسانە نەبووە.

پێشتر قەتەر رەتیکردبووەوە هیچ کام لەو مەرجانە جێبەجێ بکات و بە "هەڕەشە بۆ سەر سەروەری وڵاتەکەی و یاسای نێودەوڵەتی" لە قەڵەمی دابوون، سەرکۆنەی ئەو گەمارۆیەشی کرد، خراوەتە سەری.

ئەو کۆسپە زەمینی و دەریایی و ئاسمانییەی ماوەی شەش هەفتەیە لەدژی قەتەر داندراون، گرفتی بۆ دروستکردووە، لەکاتێکدا پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی.

ئەو دیپلۆماتکارانە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، وڵاتەکانیان دەیانەوێت بە ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن.

عەبدوڵڵا موعەلیمی، نێردەی سعودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بایکۆتکار رۆژی 5ی حوزەیران لە قاهیرە لەسەر شەش بنجینە رێککەوتوون، "ئاسانیشە بۆ قەتەر کە پابەندبێت پێیانەوە".

رۆژنامەی نیۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، ئەو شەش بنچینەیە "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پەڕگیری، بڕینی کۆمەکی گروپە تیرۆریستییەکان و پێنەدانی مۆڵگەی ئامارم پێێان، راگرتنی هاندان بۆ رق و کینە و تووندوتیژی و دەستێوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە" لەخۆدەگرێت.

عەبدوڵڵا موعەلیمی جەختی لەوەکردەوە ئەو بنچینانە "جێی سازش نین".

لیستی داواکارییەکانی وڵاتانی بایکۆتکار کە لە 22ی حوزەیران دانرا و 13 مەرجە، داخستنی تۆڕی هەواڵیی جەزیرە، داخستنی بنکەی ئاسمانیی تورکی و پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ گرووپی ئیخوان موسلیمین لەخۆدەگرێت، لەگەڵ نزمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران.

موعەلیمی ئاماژەی بەوەکردووە، رەنگە داخستنی جەزیرە پێویست نەبێت "بەڵام داوا ئەوەیە هاندان بۆ تووندوتیژی و گوتاری رقئامێز رابگیرێت".

لای خۆیەوە لانا نسیبە، نێردەی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، رەتکردنەوەی قەتەر بۆ بنچینە سەرەکییەکان بۆ دیاریکردنی چەمکی تیرۆر و پەڕگیری، وادەکات "گران بێت بۆی لە ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بمێنێتەوە".



رووداو -
Top