ئه‌ردۆغان: بەر لەهاتنی ئێمە، دایک نەیدەتوانی لەگەڵ رۆڵەکەی بە کوردی بدوێت

ئه‌ردۆغان: بەر لەهاتنی ئێمە، دایک نەیدەتوانی لەگەڵ رۆڵەکەی بە کوردی بدوێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو سنوورانەیان هەڵگرتووە کە رێگری دەکرد لە هاوڵاتیانی تورکیا کە لە ژیانی رۆژانەیاندا لە شوێنەگشتییەکان و لە دەرەوە بە ئازادی بە شێوەزاری خۆیان بدوێن و بەر لەهاتنی ئه‌وان، دایک نەیدەتوانی لەگەڵ رۆڵەکەی بە کوردی بدوێت.

ئەردۆغان، بەشداری لە پانێلی "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ١٥ی تەمموز" کرد لە بینای ناوەندی گشتی ئاک پارتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تیایدا وتارێکی پێشکەشکردو دوایین ١٥ساڵی لە وڵاتەکەی بە قۆناغی کپ بوون و هێوربوونەوە ناوزەد کرد لە روانگەی پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، به‌پێی ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵی‌ فه‌رمی‌ توركیا.

سەرۆك کۆماری تورکیا تیشکی خستە سەرئەوەی کە لە بابەتی کولتووردا گەڕانەوەیەکی مێژووییان تۆمارکردووە و وتی "ئەو سنوورانەمان هەڵگرت کە رێگری دەکرد لە هاووڵاتیانمان کە لە ژیانی رۆژانەیاندا لە شوێنەگشتییەکان و لە دەرەوە بە ئازادی بە شێوەزاری خۆیان بدوێن".

ئەردۆغان رووی قسەکانی کردە هاوڵاتیانی کورد لە ناوچەکە و وتی "بەر لەوەی ئێمە بێینە سەر دەسەڵات ئێوە لە حاڵێکدا بوون لە رووی بەرجەستەکردنی مافەکانتانەوە؟ ئایا دایک دەیتوانی لەگەڵ رۆڵەکەی بە کوردی بدوێت؟ یاخود لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەتانتوانی بە کوردی قسە بکەن؟ ئایا دەتانتوانی نووسراوی کوردی چاپ بکەن؟ بەڵام ئێمە هاتین تەواوی ئەو سنوورانەمان لابرد".

سەرکۆماری تورکیا باسی‌ له‌وه‌كرد، هەندێک کەس نرخی کار و چالاکییەکانی ئاک پارتیان نەزانی و لە بەرامبەردا "پشتیوانی تیرۆریان کرد".



خه‌ندان
Top