وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە بۆ وەڵامدانەوەی قەتەر کۆ دەبنەوە
قەتەر لە رێی دەوڵەتی کوێتەوە وەڵامی داواکارییە 13 خاڵییەکەی چوار وڵاتە عەرەبییەکە (سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر)ی داوەتەوە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 5.7.2017، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر لە قاهیرە کۆ ببنەوە بۆ وەڵامدانەوەی قەتەر.
پێشتریش حکوومەتی قەتەر رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی داواکارییەکانی ئەو چوار وڵاتە رەت دەکاتەوە، چونکە ”زیان لە سەروەریی قەتەر دەدات“.
دیارترین داواکاریی ئەو چوار وڵاتە بریتیبوو لەوەی قەتەر پەیوەندییەکانی بە رەوتی ئیخوان موسلیمین، رێکخراوە تیرۆریستییەکان بە تایبەت داعش و قاعیدە و میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی بپچڕێنێت و کەناڵی جەزیرە دابخات.
عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات رایگەیاندووە، هێشتا زووە لێدوان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو چوار وڵاتە لە دژی قەتەر بدەن، دوای ئەوەی هەر چوا وڵاتەکە بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر بپچڕێنن.
رۆژی دووشەممە 5.6.2017، بەهۆی بوونی پەیوەندیی قەتەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دروستکردنی مەترسیی تیرۆر و توندڕەوی لەسە وڵاتەکانیانەوە، هەر چوار وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بپچڕێنن.
باسنيوز
