ئێران.. قەیرانی کەمیی ئاو بووەتە پرسێکی ئەمنی
عەلائەدین برووجردی لە لێدوانێکدا بۆ میدیا فەرمییەکانی ئێران وتوویەتی "پرسی قەیرانی کەم ئاوی لە ئێران بەکردەوە بووەتە پرسێکی ئەمنی و ئێمەش ناچار بووین لە کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان، کۆمیتەی ئاسایشی ئاو پێک بهێنین".
لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە "لە 38 ساڵی ڕابردوودا ئەوەندە لە بەرانبەر ئەم پرسەدا کەمتەرخەم بووین و وڵاتی ئێران لە بواری سەرچاوەکانی ئاوەوە یەکێک لە وڵاتانی کەم ئاوی دنیایە و تووشی چەندان قەیران بووین و قەیرانی ئاو لە ئێران بە کردەوە بووەتە پرسێکی ئەمنی و بەمزوانە چارەسەر نابێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە گوتیشی "لە هەلومەرجێکدا کە بۆ بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە و پیشەسازی کە تەنیا 10%ی ئاوی وڵات پێکدێنێت، تووشی کێشە بووین، بەکردەوە خەریکە بەدەستی خۆمان و کەمتەرخەمییەکانمان و بەڕێوەنەبردنی یاسا، سەرچاوەکانی ئاوی ئێران خەریکن لەناو دەچن".
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کەرتی کشتوکاڵ لە ئێران پشکی 90%ی بەرکەوتووە، کەرتێک کە زۆرینەی بە شێواز ناستاندارد و ناکارا کەڵک لە ئاو وەردەگرن.
ئەم گرفتە ناوخۆییانەی ئێرتان کەرتی ئاودا لە کاتێک دایە کە ئێران لە انوچە سنوورییەکان و بەتایبەت لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا چەندین بەنداوی لەسەر ڕووبارەکانی "ئەڵوەن، سیروان، زێی بچووک" بەستووە و گرفتی کەم ئاویی بۆ چەند سەرچاوەیەکی ئاوی لە ناوچەکانی گەرمیان، خانەقین و قەڵادزێ ساز کردووە.
ئەم پرۆژانە کە بە بڕیاری خامنەیی و بە بوودجەیەیکی تایبەت دروست دەکرێن، سەرجەم ئەو ڕووبار و سەرچاوە ئاوییانە دەگرێتەوە کەلە سەرجەم سنوورەکانی ئێرانەوە دەڕژنە وڵاتانی دراوسێیەوە.
باسنیوز
