CIA بەڕێوەبەری نوێی بۆ کاروباری ئێران دیاری کرد
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بەڕێوەبەرەی نوێیەی کە سی ئای ئەی بۆ کاروباری ئێران دەستنیشانی کردووە، ناوی "مایک دێ ئاندی"یە و پێشینەیەکی زۆری لە پەیوەندی لەگەڵ دژایەتیکردنی تیرۆریزم هەیە و بەم بۆنەوە نازناوی "شازادەی تاریکی" و "ئایەتوڵا مایک"ی پێ بەخشراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، مایکل دێ ئاندی، پێشتر بەرپرسیاری بەدواداچوون و گەڕان بەدوای ئۆسامە بن لادەن، دامەزرێنەر و یەکەم ڕێبەری ڕێکخراوی قاعیدە بووە. باس لەوەش دەکرێت بەڕێوەبەری پلان و بەرنامەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر توندڕەوە ئیسلامییەکانی لە ناوچە لە ئەستۆ بووە.
بەپێی زانیاریی ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال کە لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کردنەوەی نووسینگەی تایبەت لەلایەن (CIA)ەوە لەدژی ئێران، دەربرێ ئەوەیە کە حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ، ئێرانی لە ئەولەویەتی بەرنامەکانی خۆی داناوە.
لەمەوبەدوا هەموو ئەو فەرمانبەر و کارمەند و پسپۆڕانەی تایبەت بە کاروباری ئێران لە دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی لەژێر چاودێریی ئەو نووسینگەیەدا دەبن.
مایکل دێ ئاندی کە هاوسەرەکەی کەسێکی موسڵمانە، خۆشی بووەتە موسڵمان، بەڵام بە کەسێکی دژبەری ئیسلامی توندڕەو و دژبەری پێداگری تیرۆریزم دێتە ئەژمار.
باسنیوز
