ئیدارەی ترەمپ هێڵی سوور بۆ ئەسەد دادەنێت

 ئیدارەی ترەمپ هێڵی سوور بۆ ئەسەد دادەنێت
ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هێڵی سوور بۆ رژێمی سووریا دادەنێت و باس لەوە دەکات، کە رژێمی سووریا دەبێت ”باجی بەزاندنی بدات“.



رۆژی هەینی21.4.2017، جێیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆ نگرەیەکی رۆنامەوانیدا لە تەل ئەبیب‌ی پایتەختی ئیسرائیل، رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ”بە بێ هیچ گومانێک“ دەزانێ کە رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی هەیە، کە ”پێشێلکارییەکی روونی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە“.



جێیمس ماتیس هەڕەشەی لە رژێمی سووریا کرد، کە ئەگەر جارێکی دیکە چەکی کیمیاوی لە شەڕی ناوخۆییدا بەکاربهێنێت، ئەوا رووبەڕووی بۆردومانی ئەمریکا دەبێتەوە.



وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەروەهها رایگەیاند، ئەوانەی پێیوایە دەتواندرێ بە رێگای دیپلۆماسی رێگا لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەنرژێمی بەشار ئەسەد لە سووریاوە بگیرێ، ”بە هەڵەدا چوون“، وەک ئاماژەیەک بۆ لێدانی زیاتری ئەمریکا لە بنکەکانی رژێمی سووریا، ئەگەر چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێت.



رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی تۆماهۆکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.



رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخون‌ی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.




باسنیوز
Top