ڕۆحانی: بۆ دروستکردنی مووشه‌ک، ئێران پێویستی به مۆڵه‌تی هیچ که‌سێک نییه
حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران ڕایگه‌یاند، بۆ بنیاتنانی توانای مووشه‌کیی ئێران مۆڵه‌ت له که‌س ناخوازێ و پێویستی پێی نییه، ، پێده‌چێ ئه‌وه‌ش وه‌ڵامی ئێران بێت بۆ ئه‌مریکا که لێدوانه‌کانیان دژ به په‌ره‌سه‌ندنی توانای سه‌ربازیی ئێرانه.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیته‌رز بڵاویکردەوە، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی ئایاردا، ڕۆحانی پێویستی به‌وه‌یه که چوار ساڵی دیکەی خولی سه‌رۆکایه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات، پێویستی به‌و لێدوانه توندانه‌شه، چونکه نه‌یاره‌کانی ده‌ڵێن ئه‌و بۆ دڵڕاگرتنی ڕۆژئاوا ڕێککه‌وتننامه‌ی ئەتۆمی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا کرد و ڕێگای دان که سنوور بۆ توانای ئەتۆمیی ئێران دابنێن له به‌رامبه‌ر هه‌ڵگرتنی سزاکاندا.
دۆناڵد ترامپ سه‌رۆکی ئه‌مریکاش، له ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا ڕایگه‌یاند که سنوور بۆ توانای مووشه‌کی ئێران داده‌نێت و دوای ئه‌وه‌ی که له کانوونی دووه‌می ئه‌مساڵدا ئێران مووشه‌کێکی بالیستیی نوێی تاقیکرده‌وه، ترامپ له هه‌ژماری خۆیدا له تۆڕی تویته‌ر ڕایگه‌یاندکه "ئێران یاری به ئاگر ده‌کات."
له کاتی، نمایش‌کردنی هه‌ندێک که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی نوێ‌دا له ته‌له‌فزیۆن، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژه‌یکرد که په‌ره‌پێدان به توانای سه‌ربازیی ئێران به مه‌به‌ستی به‌رگرییه و داوای مۆڵه‌ت له هیچ که‌سێک ناکه‌ن
payamner-
