لە رۆژی سەربەخۆی سوریا تەنھا نۆ سەرۆک وڵات پیرۆزباییان لە ئەسەد کرد
تەنیا نۆ سەرۆک وڵات لە هەموو وڵاتانی جیهان پیرۆزبایی رۆژی سەربەخۆیی لە سەرۆکی رژێمی سووریا دەکەن.
فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق لە نێو ئەو نۆ سەرۆکانەیە، کە بە ”جوانترین پیرۆزبایی“، پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سووریا کردووە.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاندووە، کە سەرۆکی وڵاتانی عێراق، جەزائیر، لوبنان، کوبا، هیندستان، کۆریای باکوور، باشووری ئەفریقیا، ئیندۆنیسیا و تورکمەنستان پەیامی پیرۆزباییان بۆ بەشار ئەسەد ناردووە.
هەرچەندە ئێران لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە بە ناردنی چەک و سەرباز، پشتگیریی رژێمی ئەسەد دەکات، بەڵام پیرۆزبایی لە سەرۆکی رژێمی سووریا نەکردووە، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ئاماژەی بە ناردنی پەیامی پیرۆزبایی لەلایەن حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکردووە.
رۆژی 17ـی 4، ساڵوەگەڕی رۆژی سەربەخۆبوونی سووریایە لەژێر ئینتیدابی فەرەنسی.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسی دیکە.
payamner-
