پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە تورکیا دەستی پێ کرد

 پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە تورکیا دەستی پێ کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرانسەری تورکیا پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم و گۆڕینی دەستووری ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد.


بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا زیاتر لە 55 ملیۆن و 340 هەزار دەنگدەر بەشداری پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیان.


لە سەرتاسەری تورکیا زیاتر لە 167 هەزار سندووقی دەنگدان دانراوە.



زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار دەنگدەری نوێ زیاد بوون و مافی ئەوەیان هەیە دەنگ بدەن.


ئەمە شەشەمین خولی ڕیفراندۆمە لە مێژووی تورکیا بۆ گۆڕینی دەستوور بەڕێوە دەچێت.


دوو پارتی ئاکەپە و مەهەپە لایەنگری گۆڕینی دەستوور و لەگەڵ هاتنە سەرکاری سیسەمی سەرۆکایەتین و لە بەرانبەردا هەدەپە و جەهەپە دژی ڕیفراندۆم و گۆڕینی دەستووری تورکیان و بەپێی زانیاریی شرۆڤەکارانی سیاسی پێشبڕکی و ململانێیەکان زۆر توندن.


پێشتر پەرلەمانی تورکیا بە 348 دەنگی بەڵێ بڕیاری گۆڕینی دەستووری پەسەند کردووە و لە بەرانبەردا 140 پەرلەمانتار دژی بڕیاری گۆڕینی دەستوور بوون.


دە پارتی سیاسیی فەرمی تورکیا بۆیان هەیە، لەسەر سندووقەکانی دەنگدان نوێنەریان هەبێت.


هاوکات باس لەوەش دەکەن کە ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەربکەوێت، سیستمی ئەو وڵاتە دەبێتە سەرۆکایەتی و ئەگەریش سەرنەکەوێت، هەروەک سیستەمی پەرلەمانی دەمێنێتەوە.



بەپێی زانیارییەکان پرۆسەی دەنگدان لە باکووری کوردستان لە کاتژمێر 7ی بەیانی بە کاتی تورکیا دەستی پێ کردووە و هەتا کاتژمێر چواری ئیوارە دەخایەنێت و دواتر دەست بە ژماردنی دەنگەکان دەکرێت.



باسنیوز
Top