نوێترین زانیاری له‌سه‌ر یارییه‌كانی سبه‌ی چوارگۆشه‌ی زێرینی خولی نایابی كوردستان بزانه
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ـ شێروانه
ئه‌م دوو یانه‌یه ئه‌م وه‌رزه یه‌كه‌مجاره به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، دوایینجاریش كه ئه‌م دوویانه‌یه له خولی نایاب به‌یه‌كگه‌یشتوون، وه‌رزی 2014 ـ 2015 بوو، كه ئه‌وكات شێروانه له یارییه‌كی دراماتیكیدا به سه‌ركه‌وتن و ده‌ستخستنی 3 خاڵ له به‌رزاییه‌كانی پیرمامه‌وه بۆ گه‌رمیان گه‌ڕایه‌وه.
ئاماره‌كانی سه‌میر بابۆ له دژی شێروانه
سه‌میر بابۆ له مێژووی له خولی نایاب، راهێنه‌رایه‌تی 3 یانه‌ی جیاوازی كردووه، پێشتر له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر دووجار رووبه‌ڕووی شێروانه بۆته‌وه، جارێك شكست بووه‌ته به‌شی و جارێكیش به یه‌كسانبوون رزگاری بووه، به‌ڵام كاتێك راهێنه‌ری هه‌ولێر بووه گورزی گه‌وره‌ی له شێروانه داوه.
سه‌میر بابۆ له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر، له كۆی 6 یاری به‌رامبه‌ر شێروانه، 3 جار شكستی به یانه كه‌لارییه‌كه هێناوه و 3 یاریش به یه‌كسانبوون ته‌واو بووه.
ئاماره گشتییه‌كانی شێروانه و پێشمه‌رگه
له دوایین 7 یاری نێوان شێروانه و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی بردنه‌وه‌یه‌كن، 5 یاری نێوانیشیان به یه‌كسانبوون ته‌واو بوو، له كۆی ئه‌و 7 یارییه، پێشمه‌رگه 9 جار تۆڕی یانه گه‌رمیانییه‌كه‌ی هه‌ژاندووه، له به‌رامبه‌ردا شێروانه ته‌نیا 5 جار تۆپه‌كه‌ی له هێڵی گۆڵی پێشمه‌رگه تێپه‌ڕ كردووه.
شێروانه مێژوویه‌كی ڕه‌شی به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه هه‌یه
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له مێژووی خۆیدا ته‌نیا یه‌ك یاری له شێروانه بردۆته‌وه، ئه‌م یارییه‌ش له وه‌رزی 2012 ـ 2013 بوو كاتێك له نێو یاریگه و له‌به‌رده‌م هانده‌رانی شێروانه به 5 گۆڵی خاوێن یانه كه‌لارییه‌كه‌ی تێك‌شكاند، به‌مه‌ش پێشمه‌رگه تاكه یانه‌یه له مێژوودا كه توانیویه‌تی له یاریگه‌ی شێروانه ئه‌م ئه‌نجامه گه‌وره‌یه تۆمار بكات.
سه‌میر بابۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه
راهێنه‌ری یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بۆ رزگاربوون له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره‌ی كه تێیكه‌وتووه، كۆسره‌ت بایزی له خولی نایابی عێراقه‌وه بۆ ئه‌م یارییه گه‌ڕاندۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه نیگه‌رانییه گه‌وره‌كه‌ی دروست كردووه، رۆیشتنی میران كه‌ریم بووه، كه له دوای خۆی، وێرانه‌یه‌كی له هێڵی پێشه‌وه بۆ (بابۆ)ـی راهێنه‌ر جێهێشتووه.
نه‌ورۆز ـ كه‌ركووك
ئه‌م دوویانه‌یه ئه‌م وه‌رزه یه‌كه‌مجاره رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، نه‌ورۆز بۆ ئه‌م یارییه له یاریگه گه‌وره‌كه‌ی سلێمانی كه ناسراوه به (مه‌لعه‌ب)ـه‌كه پێشوازی له كه‌ركووكی میوانی ده‌كات.
یانه‌ی كه‌ركووك دوو یاری چوارگۆشه‌ی زێرین به شكست تێپه‌ڕ كردووه، بۆ ئه‌م یارییه‌ش سزایه‌كه‌ی سه‌ر (داره‌وان قادر)ـی راهێنه‌ر و (هه‌ژار جه‌بار)ـی ناوه‌ڕاستكاری یانه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵگیردراوه كه به‌هۆی كێشه‌كانی یاریگه‌ی زاخۆ سڕ كرابوون، كه‌ركووكییه‌كان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ململانێی ناسناوه‌كه بكه‌ن، ده‌بێت ئه‌مڕۆ ئاگری نه‌ورۆز كپ بكه‌ن، له ئه‌گه‌ری هه‌ر ئه‌نجامێكی خراپیش ئه‌وه‌نده‌ی تر له بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه دوور ده‌كه‌ونه‌وه.
k24 -
