ئیسرائیل ھێرش دەکاتە سەر سووریا
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند ئیسرائیل ھێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و لە ئەنجامی ھێرشەکەدا کەسێکیش کوژراوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤی، کە نووسینگەکەی لە بەریتانیایە، ڕایگەیاندووە بارگرژیی نێوان ئیسرائیل و سووریا پەرەسی سەندووە و ئیسرائیل سنوورەکانی سووریای بۆردومان کردووە و لە ئەنجامی ھێرشێکی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بۆ سەرسنوور، ئۆتۆمۆبێلێک بەرکەتووە و بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە.
واشنتۆن پۆستیش کە ھەواڵنامەی ئەلمەیادینی کردووە بە سەرچاوە، دەڵێ کەسێک کوژراوە ناوی یاسر حوسێن ئەلسەییدە و ئەندامی گرووپێکی میلیشیایە کە سەر بە ڕژێمی سووریایە و لە بەرزاییەکانی جۆلان بنکەیان گرتووە و چالاکییان ھەیە.
دوو ڕۆژ پێشتر، ھێزەکانی سووریا ھێرشی مووشەکی زەوی بۆ ئاسمانیان کردووەتە سەر فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی کە بۆردومانی سووریای کردووە و بەپێی سەرچاوەکانی ئیسرائیل ئەو ھێرشەی فڕۆکەکەیان بۆ سەر کەشتییەک بووە کە چەکی بۆ گرووپە چەکدارەکان لە لوبنان ھەڵگرتووە.
payamner -
