وەزیرانی دەرەوە دوایین كۆبوونەوەی ئامادەكاريی لووتكەی عەرەبی ئەنجامدەدەن
ئەحمەد ئەبو زەید، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب قەیرانی سووریا و یەمەن، رەوشی لیبیا، عێراق، سۆماڵ و گرنگترین پێشهاتەكانی رەوشی فەڵەستین تاوتوێدەكرێن.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزیرانی دەرەوە دوایین كۆبوونەوەی ئامادەكاريی لووتكەی عەرەبی ئەنجامدەدەن
لەلایەن سەمیع زوبێر 1 کاژێر لەمەوبەر
هێڤیدار ئەحمەد، نێردراوی رووداو لە عەممان باسی كۆبوونەوەكە دەكات
رووداو ـ هەولێر
رۆژی دووشەممە 27-3-2017، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب دوایین كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی هەموو ئەو بڕیارانەی لە لووتكەی عەرەبی دەردەكرێن، ئەنجامدەدەن، سەرەڕای سازان لەسەر پڕۆژە بڕیارەكان و راگەیێندراوی عەممان بۆ پەسندكردنی لەلایەن سەركردەكانی عەرەب.
ئەحمەد ئەبو زەید، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب قەیرانی سووریا و یەمەن، رەوشی لیبیا، عێراق، سۆماڵ و گرنگترین پێشهاتەكانی رەوشی فەڵەستین تاوتوێدەكرێن.
سەرەڕای قسەکردن لەسەر پرسەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب، پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هاوكاریكردنی رێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان، چاكسازیكردن لەنێو كۆمكاری عەرەبی و دانانی دیدگایەكی عەرەبی بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی نەهێشتنی چەكی كۆكوژ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خستنەڕووی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە نیشتمانیی عەرەبی، تاوتوێكردنی دامەزراندنی میكانیزمێكی عەرەبی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ زیانلێكەوتووان و پەنابەران و ئاوارەكان تاوتوێدەكرێن.
هاوكات ریما عەلائەدین، گوتەبێژی دەستەی كۆبوونەوەكانی ئامادەكاری بۆ لووتكەی عەرەبی لە ئوردن رایگەیاند "پێشبینی ئامادەبوونی تەواوی نوێنەرانی وڵاتانی عەرەب و سەركردەكانی عەرەب دەكەین لەپێناو زیندووكردنەوە و كاراكردنی كاری عەرەبی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكان و مەترسییەكان، بەتایبەتی تیرۆر و تووندوتیژی و قەیرانەكانی دیكە و، چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە گەشەپێدان و بێكاری و هاوكاریكردنی ژنان و گەنجان."
سەبارەت بە داواكاری ئوردن بۆ زیادكردنی پرسی قەیرانی ئاوارە و پەنابەران لە ناوچەی عەرەبی بەتایبەتی پەنابەرانی سووریا، ریما عەلائەدین گوتی "پێموایە قەیرانی پەنابەران قەیرانێكی نێودەوڵەتییە، ئوردنیش لەجیاتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو رۆڵە هەڵدەستێت. زۆر گرنگە ئەو ئەو قەیرانە چارەسەر بكرێت و رێككەوتن لەسەر میكانیزمی هاوكاریكردنی وڵاتانی بەشدار لە لووتكە بكرێت، بەتایبەتی ئوردن، لوبنان و عێراق، هەروەها میسر و سودان كە بەشێك لە پەنابەرانیان لەخۆگرتووە."
هێڤیدار ئەحمەد، نێردراوی رووداو لە عەممان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی رۆژی 29-3-2017 دا كە كۆبوونەوەی شا و سەرۆك و گەورەبەرپرسانی وڵاتانی عەرەبییە، 17 سەرۆك و شا بەشداری دەكەن، بەڵام پێنج سەرۆك و شا ئامادەنابن، لەجیاتی ئەوان سەرۆكوەزیران یان گەورە بەرپرسێكی ئەو وڵاتانە بەشداری دەكات.
رووداو
