دوای هەڵگرتنی سزاكان ئێران سێیەمین فڕۆكەی نەفەرهەڵگری پێگەیشت
ئەمڕۆ شەممە، فڕۆكەیەكی ئێر بەس-ی نەفەرهەڵگر لەجۆری ئەی 330 گەیشتە تارانی پایتەخت ئێران، كە سێهەمین فڕۆكەی گەشتیاریە لەنێوان ئەو 200 فڕۆكەیەی دروستكراوی خۆرئاوایەو كۆمپانیای ئێران بۆ فڕۆكەوانی (ئێران ئێر) داوای كڕینیانی كردووە لەدوای هەڵگرتنی سزاكان.
ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) رایگەیاند، فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانەی مێهرئاباد نیشتووەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە كۆمپانیای ئێران ئێر لە هەوڵی نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەكانیدایە كە بەسەرچوون و كۆنبوون.
سەرەتای ئەمساڵیش ئێران دوو فڕۆكەی دیكەی گەشتیاری ئێربەس-ی وەرگرت، كە یەكێكیان لەجۆری ئەی 330 و ئەوی دیكەیان لەجۆری ئەی 321 بوو كە قەبارەكەی بچوكترە.
تاوەكو ئێستا كۆمپانیای ئێرباس لێدوانی لەسەر گەیشتنی ئەو فڕۆكە نەداوە.
سەركەوتنی حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران بۆ كۆتایهێنان بەسزا نێودەوڵەتیەكان لەرێگەی رێكەوتنێكەوە لەگەڵ زلهێزەكانی جیهان بووەتە هۆی زیادبوونی گرژی و ناكۆكی توندڕەوەكان، بەر لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەو وڵاتە كە بڕیارە لەمانگی ئایاردا بەرێوەبچێت.
توندەڕەوەكانی ئێران رەخنەی ئەوە لەرێكەوتنەكە دەگرن دەستكەوتی ئابوری بەرجەستەو بەرچاو لەدوای هەڵگرتنی سزاكانەوە بەدینەهێناوە.
ئێران داوای 100 فڕۆكەی لە كۆمپانیای ئێربەس-ی ئەوروپی بۆ پیشەسازی فڕۆكەوانی كردووە، هەروەها داوای 80 فڕۆكەی جۆری (بۆینگ) كردووەو لەوتوێژیشدایە (بەمەبەستی كرینی 20 فڕۆكەی ( تۆربۆترۆپ) لەكۆمپانیای( ئەی تی ئاڕ) كەكۆمپانیایەكی هاوبەشی ئێربەس و (لیوناردۆ فنمیكانیكای ) ئیتاڵیە.
نزیكەی 40 ساڵە ئێران بەشێوەیەكی راستەوخۆ هیچ فرۆكەیەكی لە خۆرئاوا نەكڕیوە، بێجگە لە فڕۆكەیەكی ئێربەس نەبێت لەجیاتی فڕۆكەیەكی دیكە كە ساڵی 1988 هێزە دەریایەكانی ئەمریكا خستیە خوارەوە.
xandan -
