توركیا: ئەمریكا بڕیاری خۆی لەبارەی یەپەگە داوە

توركیا: ئەمریكا بڕیاری خۆی لەبارەی یەپەگە داوە
بەرپرسێكی باڵای توركیا بە ئاژانسی رویتەرزی رایگەیاند ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاری خۆی داوە لەبارەی بەشداری پێكردنی یەپەگە لە شەڕی گرتنەوەی شاری رەققە پایتەختی دیفاكتۆی داعش و ھەوڵەكانی توركیا لەمبارەوە بێ ئەنجام بوون.

ئەم بەرپرسەی توركیا بێ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكرێت گوتی "وا دیارە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو ئۆپەراسیۆنە لەگەڵ یەپەگە ئەنجام دەدات، نەك لەگەڵ توركیا. لە ھەمان كاتدا ئەمریكا چەك دەداتە یەپەگە".

ھاوكات سەرۆك وەزیرانی توركیا بینالی یڵدرم رایگەیاند توركیا، ئەمریكا و روسیا پێوێستە ھامەھەنگی بكەن بۆ خاوێنكردنەوەی سوریا لە گرووپە تیروریستییەكان و ئاماژەیەكە بە كۆبوونەوەی فەرماندە ھێزە چەكدارەكانی ھەرسێ لا، كە ئامانجییان پێشیگرتنە بە روودانی شەڕ نێوان لایەنە جیاوازەكان لە سوریا.

سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەفتەی رابردوو رایگەیاند ئامانجی داھاتوویان لە سوریا ئۆپەراسیۆنی منبج دەبێت، كە لە ژێر كۆنترۆڵی ھێزەكانی سوریای دیموكراتیك دایە و لە لایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت.

بەرپرسە توركەكە ئەوەشی گوتووە "ئەگەر ئۆپەراسیۆنی رەققە بەم شێوازە ئەنجام بدرێت، كاریگەری بۆ سەر پەیوەندیی نێوان توركیا-ئەمریكا دەبێت، چۆنكە یەپەگە رێكخراوێكی تیرۆریستییە".

فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی ئەمریكا جۆزێف دانفۆرد بەشداری لە كۆبوونەوە سێی قوڵی لە گەڵ ھاوتا توركی و روسییەكەی كرد، كە لەسەر داوای توركیا رێكخرابوو.

رویتەرز لە زاری بەرپرسێكی پنتاگۆن بڵاوی كردەوە دانفۆرد ھاوتا توركەكەی لە بڕیاری ئەمریكا لەبارەی رەققە ئاگادار كردەوە، كە پێچەوانەی حیساباتی توركیایە.

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 لە لایەن ھێزەكانی سوریای دیموكرات و بەشداری یەپەگە دەستیپێكرد و لە سێ قوناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققە كۆنترۆڵ كرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر و شاری رەققەیان ئابڵۆقە داوە.

ئەنقەرە گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر ویلایەیە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ گۆڕینی ستراتیژییەكەی لە شەڕی دژی داعش بە وازھێنانی لە یەپەگە و لە جیاتی ئەو بەشداری بە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك لە توركیا بكات بۆ گرتنەوەی رەققە.






K24
Top