لە مالیزیا هەوڵێک بۆ کوشتنی شای سعودیە شكستیهێنا

 لە مالیزیا هەوڵێک بۆ کوشتنی شای سعودیە شكستیهێنا
بەرپرسی هێزی پۆلیسی مالیزیا رایگەیاند، هەوڵێکی کوشتنی شای سعودیەیان لە مالیزیا پووچەڵکردووەتەوە و حەوت ئەندامی داعشیان بە چەکەوە دەستگیرکردوون.

خالید ئەبوبەکر، بەرپرسی پۆلیسی مالیزیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، حەوت ئەندامی رێکخراوی داعشیان بە چەکەوە دەستگیرکردوون. سەرجەمیشیان بەڕەگەز ئەندەنووسی و یەمەنی بوونە.

بەگوتەی پۆلیسی مالیزیا، چەکدارەکان نیازی ئەنجامدانی هێرشی چەکدارییان بۆ سەر ئەو باڵەخانەیە هەبووە، کە شا سەلمانی شای سعودیە و یاوەرانی لەمیانی گەشتەکەیان بۆ ئاسیا تێیدا ماونەتەوە.

پۆلیسی مالیزیا هیچ زانیارییەکی دیکەی ئاشکرانەکرد، جگە لەوەی چەکدارەکان لەنێوان 21 بۆ 26ی مانگی شوبات دەستگیرکراون.



رووداو
Top