په‌نابه‌رێك دواى گه‌ڕه‌نه‌وه‌ى بۆ ئێران سزاى 6 ساڵ زیندانیكردنى بۆ ده‌ربڕدرێته‌وه‌

 په‌نابه‌رێك دواى گه‌ڕه‌نه‌وه‌ى بۆ ئێران سزاى 6 ساڵ زیندانیكردنى بۆ ده‌ربڕدرێته‌وه‌
کورێکی گه‌نجی ئێرانی به‌ ناوی (زیا سه‌واری) که‌ داوای مافی په‌نابه‌ریه‌تی له‌ وڵاتی هۆله‌ندا کردبوو، له‌لایه‌ک به‌هۆی ره‌د کردنه‌وه‌ی داخوازی په‌نابه‌رییه‌که‌ی له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی کار و باری په‌نابه‌ری هۆله‌ندا و نه‌بوونی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی ئابووری و هه‌روه‌ها له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ به‌هۆی گوشاری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵکی بنه‌ماڵه‌که‌ی که‌ به‌ر له‌ به‌جێهێشتنی ئێران وه‌ک زه‌مانه‌ت بۆ ئازادییه‌ کاتیه‌که‌ی ته‌رخان کرابوو، ناچار ده‌بێت بگه‌رێته‌وه‌ بۆ وڵاتی ئێران.

ئه‌م گه‌نجه‌ ئێرانیه‌، عه‌ره‌به‌ و خه‌ڵکی شاری (ئه‌هواز)ی ئێرانه‌.

هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر خاکی ئێران، له‌لایه‌ن هێزی ئه‌منییه‌تی سوپای (ئه‌بولفه‌زل وئه‌لعه‌باس) ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێ و له‌پاش چه‌ند مانگ دواتره‌که‌ی له‌لایه‌ن دادگای شۆرشی ئه‌هواز، سزای 6 ساڵ زیندانیكردنى بۆ ده‌بڕدرێته‌وه‌.

چاودێرانی مافی مرۆڤ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌م گه‌نجه‌ ته‌مه‌نی 24 ساڵه‌ و له‌ مانگی ئاداری ساڵی 2016 دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌هواز و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئێرانه‌وه‌ تاوانی چالاکی دژ به‌ کۆماری ئیسلامی خراوه‌ته‌ پاڵ.

سه‌رجه‌م هاوڕێ و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ هۆله‌نداوه‌ ئه‌م گه‌نجه‌یان ناسیوه‌، رایه‌نگه‌یاندووه‌ که‌ هیچ چه‌شنه‌ چالاکییه‌کی سیاسی و دژه‌ کۆماری ئیسلامی له‌ هۆله‌ندا و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران دا ئه‌نجام نه‌داوه‌.

چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌ ئێرانییه‌ به‌هۆی به‌شداریکردن له‌ ڕووداوه‌کانی پاشی یاری تۆپێنی نێوان (ئه‌لهیلال) و (فوولاد)ی ئێران، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێ و پاشان به‌ دانانی موڵکی بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی کاتی به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌کرێ. له‌پاش ئازاد بوونی به‌ماوه‌ی کاتی، له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژێکی ئه‌هوازی ڕوو ده‌که‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ وڵاتی هۆله‌ندا داوای مافی په‌نابه‌ری ده‌که‌ن.








باسنيوز
Top