پێشبینیی چوونە دەرەوەی بەشار ئەسەد لە سووریا دەکرێت
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (دیار)ی لوبنانی، ئەگەر ”هۆکاری ئاسایشی“ نەبێتە ئاستەنگ، بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا لە کۆتایی مانگی 3ـی 2017 سەردانی ئوردن دەکات.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، رووسیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی هەوڵ دەدەن بەشار ئەسەد بەشداریی لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە عەممانی پایتەختی ئوردن بکات و زیاتر لە 150 ئەفسەر و سەربازی سووریش پاسەوانێتیی بکەن.
ئەگەر بەشار ئەسەد بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە بکات، ئەوا دەبێتە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات، لەوکاتەوەی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەی دروست بووە.
رۆژنامە لوبنانییەکە باسی ئەوەشی بڵاو کردووەتەوە، کە سەرۆکی رژێمی سووریا لە کۆبوونەوەکە دوایین پێشهاتەکانی شەڕی ناوخۆیی بە ئامادەبووان دەگەیەنێت و داوای هاوکاریی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی دەکات.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، جامیعەی عەرەبی ئەندامێتیی سووریای لە کۆبوونەوەکانی لوتکەی عەرەبی هەڵپەسارد و ماوەیەک پێش ئێستاش دیمەشق داوای لە جامیعەی عەرەبی کرد ئەندامێتیی وڵاتەکەی کارا بکاتەوە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز
