روسیا و چین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشیان بۆ سزادانی رژێمی ئەسەد ڤیتۆ کرد
بە مەبەستی دیاریکردنی ئەو لایەنەی چەکی کیمیایی بەکارھێناوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکە کیمیاییەکان راپۆرتێکیان ئامادە کردبوو کە تێیدا دەرکەوتووە رژێمی ئەسەد سێ جار و داعشیش چەند جارێک چەکی کیمیایی لە سووریا بەکارھێناوە.
دوای راپۆرتەکە ھەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەمریکا و فەرەنسا بڕیارێکیان ئامادە کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو لایەنەی چەکی کیمیاییان لە سوریا بەکارھێناوە و لە ئەنجامدامی دەنگدان لەسەر بڕیارەکە، لەلایەن رووسیا و چین ڤیتۆ کرا.
وڵاتی بۆلیڤیا دەنگی نەرێنی بەکارھێنا کە مافی ڤیتۆی نییە و ھەریەک لە وڵاتانی ئەسیوبیا، میسر و کازاخستان دەنگی بێ لایەنیان بەکارھێنا و نۆ وڵاتیش لە بەرژەوەندی بڕیارەکە دەنگیان دا.
بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکە پێویستە لە کۆی ١٥ ئەندام بە لایەنی کەم نۆ ئەندام دەنگی ئەرێنی بەکاربھێنێت و ھەروەھا وڵاتانی ھەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش کە لە روسیا، چین، ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا پێکدێت، مافی ڤیتۆ بەکار نەھێنن.
بەم پیەش لەوەتەی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، روسیا حەفتەم جارە بڕیارەکانی تایبەت بە سوریا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆ دەکات.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن زۆرێک لە وڵاتان کە لە نێوانیاندا تورکیاش ھەیە، پشتگیری لێ کرا و کە داوای بلۆکردنی سامانی ١١ فەرماندەی سەربازیی سوریا و قەدەخەکردنی گەشت بۆ دەرەوە و قەدەخەکردنی فرۆشتنی ھەلیکۆپتەر بە رژێمی سوریا دەکات و ھەروەھا داوای دەکات ئەم وڵاتە بخرێتە نێو لیستی رەشەوە کە چەکی کیمیایی پەرە پێدەدەن و بەکاری دەھێنن.
باسنيوز
