مایک پێنس: بە ئایەتوڵڵاکانی تاران دەڵێین سەیری رۆژ ژمێر بکەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە رێوڕەسمی سوێندخواردنیدا بەڵێنیدا سوپای وڵاتەکەی بەهێز بکاتەوە و چەند رۆژێک پاش ئەوەش بڕیارێکی بۆ ئەو مەبەستە دەرکرد.
رۆژی هەینی 24-2-2017، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، کە رێکخستن و بەهێزکردنەوەی سوپای وڵات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و رووبەڕووبونەوەی دووژمنەکان، لەوانەش داعش، پێویستە.
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەجێندای ترەمپ لە ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی ئارامی ئەمریکاوە دەستپێدەکات. لە سەردەمی سەرۆک ترەمپدا، ئەمریکا بەهێز دەبێت- هێندە بەهێز دەبێت کە پارێزگاری لە وڵات، هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانی لە جیهاندا بکات. سوپاکەمان رێکدەخەینەوە و پێداویستی تەواو بۆ سەربازەکانمان دابین دەکەین. ئێمە داعش لە ریشەوە لەناو دەبەین بۆ ئەوەی چی دیکە نەتوانێت هەڕەشە لە خەڵك و کۆمەڵگا و وڵاتمان بکات".
سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەکاتێکدا دەستیپێکرد چەندین شەڕ و قەیران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، لەوانەش شەڕی داعش و کێشەکانی دیکە لە عێراق و سووریا و شەڕی ناوخۆیی یەمەن. بەرپرسانی نوێی کۆشکی سپی پێیانوایە ئێران هۆکاری بەشێکی زۆر لە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەربۆیەش چەندینجار هۆشداری تووندیان پێداوە.
رۆژی هەینیش، جارێکی دیکە مایک پێنس رایگەیاند، دەبێت بەرپرسانی ئێران بزانن ئیدارەی نوێی ئەمریکا هاوشێوەی ئەو ئیدارەیە نییە ماوەی هەشت ساڵ لە کۆشکی سپیدا بوو.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە بە بەهێزی لە بەرامبەر کارە نیگەرانکەرەکان و هەوڵەکانی ئێران بۆ شێواندنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی دەوەستینەوە. سەرۆک ترەمپ هەر ئێستاش هۆشداری تووندی داوەتە سەرەکیترین سپۆنسەرەکەی تیرۆر و بە ئایەتوڵاکانی تارانیش دەڵێین دەبێت سەیری رۆژ ژمێر بکەن. سەرۆکێکی نوێ لە کۆشکی سپی دەستبەکاربووە و ناوی دۆناڵد ترەمپە".
هەر لە گوتەکەیدا، پێنس ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا پشتگیری لە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل دەکات، بەڵام دەبێت ئەو دوو لایەنە خۆیان لەسەر داواکارییەکانیان سازش بکەن و بگەنە رێککەوتن.
رووداو
