لە جەرابلوس گورزێكی گەورە بەر سەرچاوە داراییەكانی داعش كەوتووە

 لە جەرابلوس گورزێكی گەورە بەر سەرچاوە داراییەكانی داعش كەوتووە
لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و پاککردنەوەی داعش لە جەرابلوس، گورزێکی گەورە بەر سەرچاوە داراییەکانی رێکخراوەکە کەوتووە.

بنکەی لێکۆڵینەوەکانی توندوتیژی سیاسی و توندڕەوی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای راوێژکاری ئێرنست و یۆنگ راپۆرتێکیان لەبارەی سەرچاوەی دارایی داعش بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لەلایەن تورکیا و رزگارکردنی جەرابلوس لەدەست داعش، سەرچاوەی داعش وشک بووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە کە داھاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا بە یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار خەملێندراوە و لە ساڵی ٢٠١٦شدا ئەو بڕە بۆ ٨٧٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

روونیش کراوەتەوە کە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە، داھاتی ئەو رێکخراوە گەشەی سەندووە و لە راپۆرتەکەدا دەستەواژەی "دەوڵەمەندترین رێکخراوی تیرۆریستی" بۆ داعش بەکارھێنراوە.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە داعش زۆرترین داھاتی لەو ناوچانە بەدەست ھێناوە کە کۆنترۆڵی کردووە و راشگەیەندراوە کە داعش لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردووە باج لە ھاووڵاتیان کۆدەکاتەوە و دەستی بەسەر مۆلکی تایبەتیدا گرتووە و سزای دارایی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە و سوودمەند بووە لە کێڵگە نەوتییەکان.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھەرچەندە چالاکییەکانی گواستنەوەی سەرچاوەی دارایی بیانی بۆ داعش، وەرگرتنی بەرتیل، فرۆشتنی ئاسەواری مێژوویی و وەرگرتنی فیدیە لەلایەن داعشەوە کەمیش بووبێت، بەڵام سوودی بۆ دارایی ئەو رێکخراوە ھەبووە و راشگەیەندراوە کە سەرچاوەی سەرەکی دارایی داعش، سوود وەرگرتنە لە زۆربەی سەرچاوەکانی ئەو خاکانەی داگیری کردووە.

ھەر لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە داعش لە ژێرناوی "زەکات" لە ساڵی ٢٠١٤دا ٤٠٠ تا ٨٠٠ ملیۆن دۆلار داھاتی دەست کەوتووە و باس لەوەش کراوە کە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و رزگارکردنی جەرابلوس کە خاوەن شوێنی ستراتێژییە، ئاستی ئەو داھاتەی داعش لە باج و زەکات وەری دەگرت، بۆ ٢٠٠ تا ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.








باسنيوز
Top