پێنتاگۆن: چەکدارانی داعش رەققە جێدەهێڵن

پێنتاگۆن: چەکدارانی داعش رەققە جێدەهێڵن
وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتیدەکاتەوە، لە رەققە چەکدارانی رێکخراوی داعش دەستیان بە هەڵاتن کردووە.

جێف دەیڤز، گوتەبێژی پێنتاگۆن روونیکردەوە، زۆرینەی فەرماندە و چەکدارانی رێکخراوی داعش شاری رەققەیان جێهێشتووە و بەرەو ناوچەکانی باشووری رەققە هەڵاتوون.

دەیڤز جەختیکردەوە، دوای پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرەو رەققە، چەکدارانی داعش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کاتێکی ئەوتۆیان لە پایتەختە دی فاکتۆیەکەیان نەماوە.

قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات و بەشداری یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکردبوو.

قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەش رۆژی 10 كانوونی یەكەمی 2016 دەستیپێكرد و ھەردوو قوناغەكە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوچوون.

رۆژی 4 شوباتی 2017 ژووری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوڕات لە كۆنگرەیەكەی رۆژنامەوانیدا قۆناغی سێیەمی رایگەیاند.





K24
Top