فۆکس‌نیوز: قاسم سلێمانی لە مۆسکۆیە

 فۆکس‌نیوز: قاسم سلێمانی لە مۆسکۆیە
دوێنێ چوارشەممە کۆنفرانسی مۆسکۆ بە بەشداریی نوێنەرانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی پێ کرد.

هاوکات هەواڵدەریی (فۆکس‌نیوز) لە هەواڵیکدا بڵاوی کردەوە، کە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی کاتژمیر 12 و 13 خولەکی رۆژی سێشمەممە 2017-2- 14 بە فرۆکەی ژمارە WD084 سەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان گەیشتووەتە مۆسکۆ.

فۆکس‌نیوز بڵاویشی کردووەتەوە: "سەردانی ئەو فەرماندەیە کە دەستی لە کوشتنی 500 کەسی ئەمریکیدا هەبووە، پێشێلکردنی ئاشکرای گەمارۆکانە."

میدیاکانی پەکەکە بڵاویان کردووەتەوە، "لەو کۆنفرانسەدا جگەلە نوێنەری پەیەدە لە ڕووسیا، هەدروو پەرلەمانتاری هەدەپە عوسمان بایدەمیر و دیلەک ئۆجالان، لە پارێزەرەکانی ئۆجەلانیش ئبرۆ گونای، لە ڕۆژئاواش ئاسیا عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی گشتیی پەیەدە و ئەنوەر موسلیم سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆبانێ، لە باشوری کوردستانیش عزەت سابیر پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، شێرکۆ حەمە ئەمین، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، خەلیل ئیبراهم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەهوەن چیاکۆ، نوینەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، حوسێن کەرکوکی بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسی و جێگری هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و چەندین سیساتمەدار و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و نوێنەرانی دامەزراوە مەدەنییەکانی مۆسکۆ بەشدارن."

چالاکوانان و شرۆڤەکارانی سیاسی لەو باوەڕە دان کە مۆسکۆ و تاران لە هەوڵی راکێشانی کوردەکان و دوورخستنەوەیان لە بەرەی رۆژئاوان و بە دابینکردنی هەندێ دەسەڵاتی ناوچەیی کوردەکانی نزیک لە پەکەکە وەکوو کارتی فشار لەدژی رۆژئاوا بەکار بێنن.

لە هەرێمی کوردستان، کە کۆنسووڵگەریی ڕووسیا بە فەرمی هەیە، هیچ بانگهێشتنامەیەکی بۆ حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی دیکەی باشوور بۆ بەشداری لەو کۆنفرانسە نەناردووە.

شارەزایان بوونی قاسم سلێمانی لە کۆبوونەوەی مۆسکۆدا بە مەترسی بۆ سەر داهاتووی کورد لە ڕۆژهەڵات پێناسە دەکەن و لەو باوەڕە دان کە ئەگەری سازانی ئەو هێزانە لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی کورد لەو بەشە لە ئارا دایە.

مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دیموکرات، کە بانگهێشتی کۆبونوەوەکە کرابوو، لە پەیامیکدا ڕایگەیاندووە: "لە ڕوانگەی ئێمەوە، لە هەلومەرجی ئێستادا بوونی پێوەندی تاکتیکی هەر لایەنێکی خەباتگێڕی کوردستان بە "دەوڵەتانی داگیرکەر"ەوە تا ئەو جێگایە ڕێ پێدراوە، کە لەسەر حیسابی دژایەتی و زەرەر گەیاندن بە بزووتنەوەی ئەو پارچەیە لە کوردستان تەواو نەبێت".







باسنيوز
Top