داعش شارۆچکەیەکی ستراتیژی لە دەست دەدات

 داعش شارۆچکەیەکی ستراتیژی لە دەست دەدات
رێکخراوی توندڕەوی داعش شارۆچکەیەکی ستراتیژیی داگیرکراو لە دەست دەدات و فەرماندەیەکی بالای سوپای تورکیاش لێدوانێک لەو بارەیەوە دەدات.

رۆژی پێنجشەممە 16.2.2017، خوڵوسی ئاکار، سوپاسالاری تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ غانم بن شاین ئەلغانمی هاوتا قەتەرییەکەی، رایگەیاندووە، ”ئێستا خەریکی پاککردنەوەی ناوچەکەین لە بۆمبە چێندراوەکان“.

خوڵوسی ئاکار هەروەها رایگەیاندووە، کە هێزەکانی سوپای سووریای ئازاد (ئۆپۆزیسیۆنی سووریا) بە پشتگیریی سوپای تورکیا و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، شارۆچکەی ئەلباب‌یان بە تەواوی رزگارکردووەتەوە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە فیکری ئیشک، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، کە دوای رزگارکردنەوەی باب، هەوڵ دەدەن شاری رەققە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رزگار بکەنەوە.

داعش دوای داگیرکردنی بەشێکی خاکی هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق، شاری رەققەی وەک پایتەختی خەلافەتەکەی دەستنیشان کرد.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.

لە کۆتایی مانگی 8ـی 2016، سوپای تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان لە باکووری سووریا بە ناوی (قەڵغانی فورات) دەست پێکرد، بە ئامانجی ”پاککردنەوەی باکووری سووریا“ لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و داعش.








باسنيوز
Top