لە ورمێ ڕونووی بەفر دوو کەسی دیکەی کردە قوربانی

لە ورمێ ڕونووی بەفر دوو کەسی دیکەی کردە قوربانی
ماڵی هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی "بەردەسوور" لە ناوچەی (سیلوانا)ی سەر بە پارێزگای ورمێ بووە ژێر هەرەسی ڕنووە و دوو کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی (کوردپا) ئەمڕۆ پێنجشەممە 2017 -2- 16 هەرەسی ڕنوو لە گوندی"بەردە سوور" لە ناوچەی سیلوانای ورمێ ڕووی دا و ماڵی هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو گوندە لەژێر بەفردا نوقم بووە کە باوک و کوڕێک "ئیسماعیل و عەزیم حەسەن ئاودی" گیانیان لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەشیان بریندار بوون.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو ڕووداوە بەرەبەریانیئەمڕۆ ڕووی داوە و بە هاوکاریی خەڵکی ئەو گوندە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لەژێر ڕنوو هێنراونەتە دەرەوە و دوو کەسیان مردوون و دوو کەسی دیکەشیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراون.

دەگوترێ کچێکی ئەو بنەماڵەیە چارەسەری سەرەتایی پزیشکی بۆ کراوە و لە نەخۆشخانە مورەخەس کراوە، بەڵام خێزانی ئەو هاووڵاتییە، هەتا ئێستا بۆ چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەدا ماوەتەوە.

لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ڕنوو و هەرەسی بەفر لە ناوچەکانی سەردەشت، پیرانشار و شنۆ نزیکەی 20 کۆڵبەر بوونە ژێر ڕنووی بەفرەوە و 6 کەسیان گیانیان لەدەست دا.













باسنيوز
Top