فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسداران لە سووریا کوژرا

 فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسداران لە سووریا کوژرا
بەپێی هەواڵی میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ سێشەممە فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا کوژراوە.



ماڵپەڕی "ئەهلی بەیت"ی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ناوی مستەفا زاڵ‌نەژاد، و خەڵکی شاری (ئامول)ی سەر بە پارێزگای مازندەران لە باکووری ئێرانە و دێنێ سێشەممە 2017 -2- 14 لە یەکێک لە شارەکانی سووریا لە شەڕ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی (ئەلنوسرە) کوژراوە.



بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران ئەو کەسە ئەندام و فەرماندەیەکی سوپای مازندەران و کەسێکی نزیکی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس بووە.



هەتا ئێستا تەنیا لە پارێزگای مانزندەران 36 کەس لە شەڕی ناوخۆیی سووریا کوژراوەن.



لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پارێزگاکانی "حومس و حەلەب" هێزەکانی سوپای سووریا، بە یارمەتیی سوپای قودسی ئێران چەند پێشڕەوییەکیان کردووە.



بەپێی ئامار و زانیاریی میدیاکانی سوپای پاسداران، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا لە شەڕی ناوخۆی سووریا کە ئێران وەک پاڵپشتی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار، هەتا ئێستا زیاتر لە 3 هەزار چەکداری سوپای پاسداران کوژراون.






باسنیوز
Top