ھێرشكارەكەی ئیستانبوڵ داوای لە سێدارەی دەكات

ھێرشكارەكەی ئیستانبوڵ داوای لە سێدارەی دەكات
ھێرشكارەكەی سەری ساڵی نوێی ئیستانبول كە 39 كەسی كوشت و ژمارەیەكی زیاتریش بریندار كرد داوا دەكات لە سێدارەی بدەن.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە عەبدولقادر مەشاریپۆڤ پێش ئەوەی لە دادگا بڕیاری گرتنی بدرێت و بۆ زیندانی سیلیڤری ئیستانبول رەوانە بكرێت، بە دادوەری ئێشكگری گوت "پاش تەواوبوونی فیشەكەكانم، ئەو فلاشبەنگەی وامزانی نارنجۆكە و بە دەموچاوم گرت بۆ ئەوەی خۆم بكوژم، بەڵام نەمردم، بۆ مردن چووبوومە رێینا (نادی شەوانە)، بەڵام زیندوو مامەوە، ئەگەر حوكمی سێدارەدانم بۆ دەربكەن زۆر باش دەبێت".

ھەر لە بەردەوامی قسەكانی، مەشاریپۆڤ دەڵێت "ئامانجم كوشتنی كریستیانییەكان بوو. ئەبو جیھاد لە سوریا داوای كرد لە گۆڕەپانی تەقسیم چالاكی ئەنجام بدەم، بە منی گوت كریستیانییەكان زۆربەیان لە شوێنێكی تەقسیم كۆ دەبنەوە و جەژن دەگرن. لە ئەفغانستان فێری بەكارھێنانی چەك بووم".

لە بارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی ھێرشەكە ئاماژە بەوە دەدات "ھەر ئەو رۆژ كاتژمێر 21:00 بۆ دۆزینەوە سەردانی شوێنەكەم كرد، ھیچ پۆلیسێك لەوێ نەبوو، بو گەڕەكی زەیتونبورو گەڕامەوە و چەكەكەم ھەڵگرت و دووبارە چوومە رەینا، دمەویست بچمە ژوورەوە، پۆلیسێك منی دیت و تەقەی كرد. منیش تەقەم لێكرد و چوومە ژوورەوە و بە ھەڕەمەكی تەقەم لە خەڵك كرد، ئەگەر پێشتر بمزانیبوایە پۆلیس لەوێیە، ھێرشەكە بە شێوازێكی دیكە دەبوو".

دانپێدانی ھێرشكارەكەی ئیستانبول بە پێچەوانەی دانپێدانی پێشوویە كە پێشتر گوتبووی نییەتی ئەوەی ھەبوو پاش ھێرشەكە بۆ سوریا را بكات و بۆ ئەم مەبەستەش كوڕەكەی خۆی لە شوێنێك دانابوو بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام كوڕەكەی بۆ نەدۆزرایەوە، ھەربۆیە پلانەكەی سەری نەگرت و تا ئێستاش كوڕەكەی بێ سەروشوێنە.
K24 -
Top