تورکیا نزیکەی پێنج هەزار فەرمانبەری دیکەی لەکار دەرکرد
بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، ئەو بڕیارە کە شەوی ڕابردوو لە ڕۆژنامە فەرمییەکانی حکوومەتی تورکیا بڵاو کراوەتەوە و واژۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیای لەسەرە، چوار هەزار و 464 فەرمانبەر لەسەر کار دەرکراون.
بەپێی هەمان سەرچاوە 17 فەرمانبەری دیکە کە پێشتر لەسەر کار دەرکرابوون، گەڕێندراونەتەوە سەر کارەکانی خۆیان.
لەکۆی ئەو کەسانەی کە دەرکراون دوو هەزار 585 کەسیان لە وەزارەتی پەروەردە، 49 کەسیان لە وەزارەتی ناوخۆ، 417 کەسیش لە فەرمانگەی گشتیی ئەمن و ئاسایشی تورکیا، 893 کەس جەندەرمە، 330 کەس لە ئەنجومەنی باڵا 48 کەسی دیکەش کارمەندی وەزارەتی دەرەوە بوون.
بەپێی ئەو بڕیارە ئەو کەسانەی کە ناویان لەو لیستەدا هاتووە، هۆکاری دەرکردنیان بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە "لەدژی حکوومەت هەوڵیان داوە، یان لە گرووپ و ڕێکخراوی نایاسایی و قەدەغەکراودا ئەندام بوون و بەپێی بڕیارەکەی حکوومەت ئیدی بۆیان نییە لە فەرمانگە فەرمییەکانی حکوومەت کار بکەن."
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە تورکیا، حکوومەتی ئەنقەرە بەم بۆنەوە دەسەڵاتی فراوانتری پێ دراوە و بەردەوام بڕیار دەردەکات و لە کاتی کوودەتا سەرنەکەوتووەکەی تورکیا بە دەیان فەرمانبەر لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.
لەو بڕیانامەیەدا بە ڕوونی باس لە ئەندامەتیی ئەو کەسانە و پەیوەندییان لەگەڵ "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" وەک (گرووپی ناسراو بە فەتحوڵا گولەن) کراوە.
bas news -
