وەزارەتی دەرەوەی كوەیت رەتیكردەوە رێگە بە ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیانی 5 وڵاتی نەدابێت

 وەزارەتی دەرەوەی كوەیت  رەتیكردەوە رێگە بە ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیانی 5 وڵاتی نەدابێت
وەزارەتی دەرەوەی كوەیت لە بەیاننامەیەكدا رەتیكردەوە ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیانی 5 وڵاتی قەدەغە كردبێت.

ھەندێ راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاویانكردەوە كوەیت بڕیاری داوە رێگە بە ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیانی ھەر یەك لە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئێران، ئەفغانستان و پاكستان نەدات.

وەزارەتی دەرەوەی كوەیت بە رەتكردنەوەی ئەم ھەواڵە رایگەیاند ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتانی مافێكی تەواویان ھەیە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی كوەیت بۆ كاروباری كونسوكخانەكان رایگەیاند "پێدانی ڤیزە پرسێكی سیادی ھەر وڵاتێكە و پەیوەندی بە تیرۆر و توندوتیژیی ھیچ ھاووڵاتینامە و ئاینێكی دیاریكراو نییە".

لە لایەكی ترەوە باڵیۆزخانەی كوەیت لە عێراق لە بەیاننەمەیەكدا رەتیكردەوە، بڕیاری پێنەدانی ڤیزەی كوەیت بە ھاووڵاتیانی عێراق درابێت.

دەشڵێت "كوەیت ھیچ بڕیارێكی نەداوە لەبارەی قەدەغەكردنی ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیانی 5 وڵاتی ئاماژەپێدراوی ئەم ھەواڵە، لەوانە ھاووڵاتیانی عێراقی برا".

لە لایەكی دیكەوە باڵیۆزی ئێران لە كوەیت، ھەواڵەكانی لە بارەی پێنەدانی ڤیزەی كوەیت بە ھاووڵاتیانی ئێرانی و وڵاتانی دیكە رەتكردەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵە پاش بڕیارە مشتومڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دێت، كە رۆژی 27 كانوونی دووەمی رابردوو ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیان ھەر یەك لە وڵاتانی عێراق، ئێران، سوریا، لیبیا، یەمەن، سۆماڵ و سودان بۆ ماوەی 90 رۆژ قەدەغەی كرد، لەگەڵ وەرنەگرتنی كۆچبەرانی ئەم وڵاتانی بۆ ماوەی 120 رۆژ.






K24
Top