ترەمپ، بریکاری وەزیری دادی لە کارەکەی دوور خستەوە

 ترەمپ، بریکاری وەزیری دادی لە کارەکەی دوور خستەوە
چونكه‌ بریکاری وەزیری دادی ئەمه‌ریکا (سالی یەیتس) ئاشکرای کرد ئەو بڕیارنامەیە جێبەجێ ناکات کە لەلایەن سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ واژۆ کراوە، (دۆناڵد ترامپ)،(یەیتس)ی لە کارەکەی دوور خستەوە.

لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن کۆشکی سپیی ئەمه‌ریکاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە (ترامپ)، بریکاری وەزیری دادی ئەمه‌ریکای لە کارەکەی دوور خستووەتەوە.
به‌یاننامه‌كه‌ هۆكاری دوورخستنه‌وه‌كه‌ی وا ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ ''بریکاری وەزیری داد (سالی یەیتس) رەتی کردووەتەوە بڕیارنامەیەکی یاسایی کە بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتیانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا ئامادە کراوە، جێبەجێ بکات و ناپاکی بەرامبەر بە وەزارەتەکە ئەنجام داوە. یاساییبوونی ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن فەرمانگەی راوێژکاریی یاسایی وەزارەتی دادەوە ددانی پێدا نراوە''.

کۆشکی سپی ده‌ڵێ، (سالی یەیتس) بەرپرسێک بووە کە سەرۆکی پێشوو (باراک ئۆباما) دایمەزراندووە. بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە ناوبراو لە بابەتەکانی پەیوەست بە سنوورەکان و کۆچبەریی نایاساییدا لاواز بووە.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە داواکاری گشتیی ناوچەی خۆرهەڵات لە ویلایەتی ڤێرجینیا، (دەینا بۆێنتێ)ی لە شوێنی (سالی یەیتس) کراوەتە بریکاری وەزیری داد.

جەختیش لەوە کراوەتەوە، دواخستنی پەسەندکردنی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد لەلایەن کاندیدی (ترامپ) بۆ پۆستەکە و سیناتۆر (جێف سێشنز)ەوە لەلایەن سیناتۆرە دیموکراتەکانەوە، ''هۆکارگەلێکی سیاسیی لەپشتە و لە جێگەی خۆیدا نییە''.

له‌ بەشێکی راگەیەنراوەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژه‌ به‌ گوتەی (دەینا بۆێنتێ) دراوه‌ كه‌ ده‌ڵێ ''تا کاتی پەسەندکردنی پۆستەکەی سیناتۆر (جێف سێشنز)، خۆم بەشەرەفمەند دەزانم لە کابینەکەی (سەرۆک ترامپ)دا کار بکەم. لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەوەی کە گەلەکەمان و نەتەوەکەمان پارێزراو بن، بەرگری لە یاساکانی وڵاتەکەم دەکەم و جێبەجێیان دەکەم''.

دوورخستنه‌وه‌ی (سالی یەیتس) به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ كه‌ لە فەرمانێکدا بۆ پارێزەرانی وەزارەتی داد، داوای کردبوو بەرگری لە بڕیارنامەکەی (ترامپ) نەکەن لە دادگاکاندا کە رێگە لە هاتنە ناوەوەی هاووڵاتیانی 7 وڵات کە زۆربەی دانیشتوانانیان موسڵمانن بۆ وڵاتەکەیان دەگرێت.








KDP
Top