ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان ھەرێم و ئێراندا دەكرێت
(عەبدوڵا ئاكرەیی)، رایگەیاند: "لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان كە پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردووە، ساڵی رابردوو ٩٦زیندانیی ئێران رەوانە كران و ئەوانیش شەش زیندانیی ئێمەیان رەوانە كرد، دواتریش وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی ھەرێم سەردانی ئێرانی كرد و لەگەڵ وەزیری دادی ئێران كۆ بووەوە و داوای كرد گەر زیندانیی دیكە ھەبێت ئاڵوگۆڕ بكرێن، چونكە ھەندێك لای ئێمەن و ھەندێكیش لای ئەوان ھەن".
(ئاكرەیی) گوتیشی، لە زیندانی سلێمانی ١١كەسی ئێرانی ھەن كە ھەموو كاروبارێكیان تەواو بووە و لەسەر ماددەی ھۆشبەر دەستگیر كراون و لەسەر بیروڕای سیاسی نییە، لەسەر داواكاریی خۆیشیان دەگوازرێنەوە بۆ ئیران، بۆیە دەبردرێن بۆ حاجی ئۆمەران بۆ ئەوەی رەوانە بكرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەوانیش حەوت ھاووڵاتیی كورد رەوانە دەكەنەوە كە لەسەر ماددە كھولییەكان لەوێ گیرابوون.
راشیگەیاند: "ژمارەی زیندانیانی ئێران لە ھەرێم زیاترە، لەبەر ئەوەی خەڵكی ئەوان زیاتر كاری ماددە ھۆشبەرەكان دەكەن و خەڵكی ئێمە كەمتر لەوێ ھەیە، ئەوانیش لەسەر ماددە كھولییەكان دەگیرێن كە بۆ ئێران دەیبەن".
KDP
