ترامپ: بڕیاری تایبەت بە پەنابەران، پەیوەندی بە ئایینەوە نییە بەڵکو لەسەر تیرۆرە

 ترامپ: بڕیاری تایبەت بە پەنابەران، پەیوەندی بە ئایینەوە نییە بەڵکو لەسەر تیرۆرە
(دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکی نووسراودا سەبارەت بە بڕیاری سەرۆکایەتی سەبارەت بە پەنابەران جەخت دەکاتەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وڵاتی کۆچبەرانە و بەردەوامیش دەبن لە نیشاندانی هاوسۆزی بۆ ئەوانەی لە دەست سەرکوتکردن خۆیان ڕزگار دەکەن.


لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو ڕێبازەی هاوکاتی پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و سنوورەکانی ئەمەریکایش.
(سەرۆک ترامپ) دەڵێت، ئەمەریکا هەمیشە وڵاتی ئازادی بووە و هەر بە ئازادی و پارێزراوییش دەیهێڵینەوە وەک میدیاکان دەیزانن، بەڵام باسکردنی ڕەت دەکەنەوە.
(دۆناڵد ترامپ) لەو ڕاگەیاندنەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەیدا دەڵێت "سیاسەتی من هاوشێوەی سیاسەتەکەی (سەرۆک براک ئۆباما)یە کە لە ساڵی 2011ـدا گرتیە بەر و بۆ ماوەی شەش مانگ ڤیزای لە پەنابەرانی عێراقی گرت. ئەو حەوت وڵاتەی ناویان لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتیدا هاتووە هەر هەمان ئەو وڵاتانەن پێشتر لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی (ئۆباما)وە بە سەرچاوەی تێرۆر ناودێر کراون. بە ڕوونی ئەم بڕیارە ڕێگەگرتن نییە لە موسڵمانان وەک میدیا بەهەڵە ڕاپۆرتی لەسەر دەدات. ئەم بڕیارە لەسەر ئایین نییە، بەڵکو لەسەر تێرۆر و هێشتنەوەی وڵاتەکەمانە بە پارێزراوی."
(سەرۆک ترامپ) هەروەها دەڵێت، زیاتر لە 40 وڵات لە جیهاندا هەن کە موسڵمانەکان تیایدا زۆرینەن و ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە. لەو ڕاگەیاندنە نووسراوەدا هاتووە "جارێکی تر ڤیزا دەدرێتەوە بە هەموو ئەو وڵاتانە هەر کە دڵنیا بووین لەوەی پێداچوونەوە کراوە و تەواوی ڕێبازەکانی پارێزراوی جێبەجێ کراون لە ماوەی 90 ڕۆژی داهاتوودا."
(ترامپ) دەشڵێت، هەستێکی گەورەی هەیە بۆ ئەو کەسانەی لە سووریا کەوتوونەتە ناو ئەم قەیرانە تۆقێنەرە مرۆڤانەیە و گوتیشی "یەکەم ئەرکی سەرەکیم هەمیشە پاراستن و خزمەتکردنی وڵاتی خۆمانە، بەڵام وەک سەرۆک ئەو ڕێگایانە دەدۆزمەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکەی دووچاری مەینەتی بوونەتەوە."



لە بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکاوە












KDP
Top