دۆناڵد ترامب : ئەمریکا شانازی بە کۆچبەرانەوە دەکات، بڕیاری راگرتنی ڤیزاش کاتییە

دۆناڵد ترامب : ئەمریکا شانازی بە کۆچبەرانەوە دەکات، بڕیاری راگرتنی ڤیزاش کاتییە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی بڕیارەکەی بۆ رێگریکردن لە پێدانی ڤیزا بە خەڵکی 7 وڵاتی زۆرینە موسڵمان و وەرگرتنی كۆچبەران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا شانازی بە کۆچبەرانەوە دەکات، بڕیاری راگرتنی ڤیزاش کاتییە و ئامانج لێی پاراستنی ئەمنیەتی ئەمریکایە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە 30-1-2017، لە روونکردنەوەیەکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەبارەی بڕیارەکەی رایگەیاند "ئەمریکا شانازی بە کۆچبەرانەوە دەکات، هەمیشە خاکێکی ئازاد و شوێنی ماڵی کەسانی ئازا بووە، بەڵام ئەو بڕیارەی ئێمە داومانە بۆ پارێزگاریکردنە لە خەڵکی خۆمان و سنوورەکانمان".

ترەمپ لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەوان پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی وڵاتەکەیانە، بەڵام میدیاکان ئامانجەکەیان شێواندووە، چونکە بڕیارەکەی ئەو هاوشێوەی بڕیارەکەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە کە لە ساڵی 2011 بڕیاری دا بۆ ماوەی شەش مانگ ڤیزا بە خەڵکی عێراق نەدرێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە روونکردنەوەکەیدا راشیگەیاندووە، ئەو بڕیارەی بەهیچ شێوەیەک لە دژی موسڵمانان نییە، چونکە بەدەر لەو 7 وڵاتە، نزیکەی 40 وڵاتی دیکەی زۆرینە موسڵمان هەن و مافی وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکاشیان لەسەر قەدەخە نەکراوە، بۆیە ئەو بڕیارەی دراوە کاتییە و تەنیا بۆ 90 رۆژ کارایە، دوای ئەوەی رێکكاری پێویست گیرایە بەر بڕیارەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا ترەمپ هێمای بۆ ئەوە كردووە، هەست بە ئازاری هەموو ئەو کەسانە دەكات کە لە سووریا رووبەڕووی ئازار و مەینەتی بوونەتەوە، بەڵام ئەرکی سەرەکی ئەو وەک سەرۆکی ئەمریکا پارێزگاریکردنە لە وڵاتەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات رێگەیەک بۆ هاوکاریكردنی کەسانی دیکە بدۆزێتەوە كە رووبەڕووی کێشە و ناڕەحەتی بوونەتەوە.

رۆژی هەینی 27-1-2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر چەند بڕیارێک کرد، لەنێویاندا رێگری لە گەشتی هاووڵاتیانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان (عێراق، ئێران، سووریا، یەمەن، لیبیا، سۆماڵ و سوودان" بوو بۆ ئەمریكا، هەمان رۆژ بڕیاری دروستكردنی دیواریشی لە سنووری مەكسیك دەركرد، كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ دەكرد، بڕیارەكانیشی كاردانەوەی نێودەوڵەتی فراوانیان لێكەوتەوە.

بڕیارەكەی ترەمپ خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، رۆژی شەممە 28-1-2017، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئاگادارییەکی بۆ هەڵگرانی ڤیزای ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لەسەر بنەمای بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، چوونەژوورەوەی ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە تاوەکو 27ی نیسانی 2017 ھەڵپەسێردراوە".








رووداو
Top