توركیا؛ پرۆژه‌یاسای سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌سه‌ندكرا

 توركیا؛ پرۆژه‌یاسای سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌سه‌ندكرا
په‌رله‌مانی توركیا پرۆژه‌یاسای گۆڕانكاری له‌ ده‌ستوری ئه‌و وڵاته‌ بۆ جێگیركردنی‌ سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌ده‌نگی‌ 339 په‌رله‌مانتار په‌سه‌ندكرد.

یاساكه‌، به‌ناوی‌(یاسای گۆڕانكاری ده‌ستوری كۆماری توركیا) به‌ 339 ده‌نگی به‌ڵێ و 142 ده‌نگی نه‌خێر و 5 ده‌نگی به‌تاڵ و 2 ده‌نگی سوتاو په‌سه‌ندكرا و په‌رله‌مانتارانی ئاكه‌په‌ پێشوازییان له‌په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ كرد و دواتر بیناڵی یڵدرم، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا و سه‌رۆكی گشتی ئاكه‌په‌ وتارێكی‌ پێشكه‌شكرد.

ئه‌و یاسایه‌ له‌ 18 ماده‌ پێكدێت و به‌پێی‌ یاساكه‌ ژماره‌ی په‌رله‌مانتاران له‌ 550 بۆ 600 ئه‌ندام به‌رزده‌بێـته‌وه‌ و ته‌مه‌نی خۆكاندیدكردن له‌ 25 ساڵی بۆ 18 ساڵ كه‌مده‌بێـته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و په‌ڕله‌مان له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ر پێنج ساڵ جارێك ئه‌نجامده‌درێت.

هه‌رووه‌ها به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ په‌یوه‌ندی سه‌رۆك كۆمار به‌ پارته‌كه‌یه‌وه‌ ناپچڕێت و ده‌توانێ بۆ دووخول خۆی كاندید بكات و له‌ هه‌مانكاتدا سه‌رۆك كۆمار ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی چه‌كداره‌كانیش ده‌بێت.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ نامێنێت و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ جێگری سه‌رۆك كۆمار یه‌ك كه‌س یان زیاتر ده‌بێـت.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمار له‌ سێ-ی‌ تشرینی دووه‌می 2019 ئه‌نجامده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ یئه‌و یاسا په‌سه‌ندكراوه‌ گۆڕانكاری‌ له‌ ده‌ستوودرا بكات ده‌بێت بخرێته‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌و زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌نگی‌ به‌گۆڕانكارییه‌كان بده‌ن.
XENDAN -
Top