ئێران.. هێرش کرایە سەر دوو ژنە بەندکراوی کورد
بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، “ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 2016 -11- 28 چەند کەسێکی ئیتلاعاتی لە زیندانی ناوەندیی شاری کرمان، هێرشیان کردە سەر ژووری هاوبەشی دوو ژنە زیندانیی کورد بە ناوەکانی ئەفسانە بایەزیدی و هاجەر پیری و هێندێک کەرەستە و کەلوپەلی کەسیی ناوبراوانیان لەگەڵ خۆیان برد."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردوووە "لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ژووری ئەو دوو چالاکوانە سیاسییە کوردە، مەئموورەکان بێڕێزی و سووکایەتیی زۆریان بە دوو زیندانییە کوردە کردووە."
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە نێو زیندانی ناوەندیی کرمانەوە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی هێرشی هێزەکانی ئەمنیەتی بۆ سەر شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو زیندانییە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "ژووری ئەفسانە و هاجر بە تەواوەتی پشکێنراوە و هیندێک کتێب و هەروەها دەفتەری بیرەوەریی ئەفسانە بایەزیدییان لەگەڵ خۆیان بردووە."
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو؛ "هاجەر پیری بەهۆی گوتنی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، مەئموورانی زیندانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا نەگەڕێندراوەتەوە بۆ ژوورەکەی خۆی."
ئەو دوو ژنە سیاسییە کوردە لەگەڵ بەندکراوەکانی دیکە و بەندکراوانی تاوانباری مادەی سڕکەر زیندانی کراون، لە یەک بەنددا ڕاگیراون."
لە کۆتایی وەرزی هاوینی ئەفسانە بایەزیدی کە بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، لە نامەیەکدا باسی لە "دەرد و ڕەنج و ئازار و نەهامەتییەکانی" خۆی لە زیندانی ناوەندیی شاری کرمان کردبوو.
هاجەر پیری تەمەن ٣٣ ساڵە، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١٧ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە و ماوەی نۆ ساڵە لە زیندانی ناوەندیی شاری کرمان بەند کراوە و هەتا ئێستا تەنانەت یەک ڕۆژ مەرەخەسییان پێ نەداوە.
ئەو دوو ژنە زیندانییە کوردە؛ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کراون.
باسنيوز
