برێت مەکگۆرک ژمارەی ئەو ناوچانە ئاشکرا دەکات کە لە دەستی داعش دەرهێندراون

برێت مەکگۆرک ژمارەی ئەو ناوچانە ئاشکرا دەکات کە لە دەستی داعش دەرهێندراون
نوێنەرى تایبەتی ئۆباما لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش ڕایگەیاند، لە ڕێگەى هێزە مەیدانیەکانەوە کە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى پاڵپشتیان دەکات %٥٦ ی ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى داعش لە عێراق و %٢٧ى ناوچەکانى سوریا کۆنتڕۆڵکراونەتەوە.

برێت مەکگۆرک ئەمڕۆ ٢٩ی تشرینی دووەم لە پەراوێزى کۆبوونەوەى نوێنەرى وڵاتانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش لە واشنتۆن ڕایگەیاند، پانتاییەکى فراوان لە ناوچەکانى عێراق و سوریا کۆنتڕۆڵکراونەتەوە کە لە ساڵى ٢٠١٤ەوە لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵکرابوون.

مەکگۆرک ڕاشیگەیاند ژمارەى چەکدارانى داعش بەراورد بە دوو ساڵ و نیوى ڕابردوو بۆ کەمترین ژمارە کەمبووەتەوە و زۆربەى سەرکردە باڵاکانى داعش کوژراون لەوانە بەرپرسى کردەکانى دەرەوە و وەزیرانى جەنگ و دارایى و ڕاگەیاندن.

برێت مەکگۆرک ئاماژەى بەوەشکردوە، پەیوەندیکردنى چەکدارانى بیانى بە ڕیزەکانى داعشەوە بەراورد بە دوو ساڵى ڕابردوو زۆر کەمى کردوە و سوپاى تورکیاش ڕۆڵى گەورەیان بینیوە لە کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچە سنوریەکان لەژێر دەستى داعشدا.

ساڵى ٢٠١٤ و لە سەرەتاى هێرشەکانیاندا، چەکدارانى داعش توانیان نزیکەى نیوەى خاکى سوریا و زیاتر لە % ٤٠ى خاکى عێراق کۆنتڕۆڵ بکەن.
Top