نرخی ئەمڕۆی نەوت

 نرخی ئەمڕۆی نەوت
ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەڕێژەیەکی کەم ڕووی لەدابەزین کرد بەبەراورد لەگەڵ نرخەکەی دوێنێ.

پێگەی (oilprice) ی جیهانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی (2016/10/28) لە سەعات (2:30)ی دەقیقەی دوای نیوەڕۆ بە کاتی کوردستان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە (50) دۆلار (34) سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە (49) دۆلار و (46) سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمە لەکاتێکدا دوێنێ پێنجشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە (50) دۆلار و (48) سەنت و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە (49) دۆلار و (71) سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی بەڕێژەیەکی کەم ڕووی لە دابەزین کرد.

کۆتایی مانگی ڕابردوو وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپیک لە وڵاتی جەزائیر کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر سنووردارکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و دوای ڕێککەوتنەکەش بەماوەیەکی کەم نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە و چاودێرانی بواری ئابووریش پێشبینی دەکەن لە ئەگەری ڕێککەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی فەرمی، کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بگاتە سەرووی (65) دۆلار.
Top