دیداری سێ قۆڵیی قەیرانی سووریا لە مسکۆ ساز دەکرێت

 دیداری سێ قۆڵیی قەیرانی سووریا لە مسکۆ ساز دەکرێت
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران، بڕیارە سبەینێ هەینی لە مسکۆ هەر سێ وەزیری دەرەوەی ئیران، ڕووسیا و سووریا دانیشتنێکی هاوبەش لەبارەی قەیرانی سووریا ساز دەکەن.

بەهرام قاسمی، گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاندووە "محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەروەری ئیران، سێرگێئیی لاڤرۆف و وەلید موعەلیم، لەگەڵ هاوتا ڕووسی و سووریەکەی لەبارەی پرس و قەیرانی سووریا و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە پێکەوە تاوتوێ دەکەن."

بەپێی ڕاپۆرتی هەوڵدەریی (ئیتارتاس)ی ڕووسی بڕیارە ئەمڕۆ لاڤرۆف و وەلید موعەلیم هەردوو وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و سووریا لەبارەی دۆخی سەربازی، سیاسی و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ شاری حەلەب، پێکەوە گفتوگۆ بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا "لایەنەکان باسەکانیان لەبارەی بارودۆخی حەلەب و شەڕی سوپای سووریا و ڕووسیا و سوپای پاسداران لەدژی داعش و بەرەی نووسرە و یارمەتییە مرۆییەکان، چڕ دەکەنەوە."

بە گوتەی میدیاکانی ڕووسیا سێرگێئیی لاڤرۆف لەگەڵ جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی سووریا قسەی کردووە.

لە ئەنجامی هیرشی دوێنیی فڕکە ڕووسییەکان لە ناوچەی خسی ئیدلب 35 کەس بوونە قوربانی کە بەپیی زانیارییەکانی یوونیسێف، 22 کەسیان قوتابی بوون و هێرشەکە بۆ سەر قوتابخانەیەک بووە.












باسنيوز
Top