لە سێ میحوەرەوە هێرش دەکرێتە سەر مووسڵ

 لە سێ میحوەرەوە هێرش دەکرێتە سەر مووسڵ
هێزە عێراقییەکان بە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە سێ میحوەرەوە هێرش دەکەنە سەر شاری مووسڵ.

میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوە سەربازییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە لە دوو ناوچە لە کوردستانی باشوورەوە هێرش دەکرێتە سەر مووسڵ و ئامادەکاری کراوە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزی دژە تیرۆری عێراق لە میحوەری خازر لە رۆژهەڵات و فیرقەی 16ـی سوپای عێراق لە بەنداوی مووسڵ لە باکووری شارەکەوە هێرش دەکەنە سەر مووسڵ.

هاوکات لە باشووری مووسڵیشەوە، پۆلیسی فیدڕالی هێرش دەکات و زانیارییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب هیچ رۆڵێکی نابێ لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ و هێزەکانی پێشمەرگەش هێزی پشتیوانی دەبن و ناچنە ناو شارەکەوە.

رۆژی چوارشەممە عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کە لە بەرامبەر رێگەدان بە تێپەڕبوونی سوپای عێراقی بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شەڕی مووسڵ، حکوومەتی عێراق رازی بووە بە مانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی هەولێر.

سەرکردەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق باس لەوە دەکەن، کە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ نزیک بووەتەوە و هەموو هیزەکان دەستیان بە ئامادەکاری کردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.










باسنيوز
Top