پاشای تایلەند کۆچی دوایی کرد

پاشای تایلەند کۆچی دوایی کرد


کۆشکی پاشایەتیی تایلەند راگەیاند، "بهومیبۆل ئادولیادی" پاشای ئەم وڵاته ئەمڕۆ له تەمەنی ٨٨ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.



پاشای تایلەند له ساڵی١٩٤٦ هاته سەر تەخت و کاتی مردنی، درێژترین ماوەی پاشایەتیی لەناو پاشایەکانی جیهاندا هەبوو.



کۆشکی پاشایەتیی تایلەند ئاماژەی به نەخۆشی و هۆکاری مردنی پاشا نەکردووه.



"ماها واجیرالونگکۆرن" جێنشینی تایلەند له جێگەی باوکی دادەنیشێت.



پاشای تایلەند له چەند ساڵ لەمەوبەرەوه نەخۆش بوو، بەڵام له سەرەتای ئەم هەفتەیەوه هەندێک سەرچاوه باسیان له تێکچوونی باری تەندروستیی پاشا کردبوو.



پاشای تایلەند پێگه و خۆشەویستییەکی تایبەتی لەناو زۆربەی خەڵکی وڵاتەکەی هەبوو و لەم رۆژانەی دواییدا جەماوەرێکی زۆر لەپێش ئەو نەخۆشخانەیه کۆببوونەوه که پاشای تایلەند لەوێ بوو.



پاشای تایلەند له کاتێکدا کۆچی دوایی کرد که دوو ساڵ لەمەوبەر، سوپای ئەم وڵاته به لەکارلادانی حکومەتی ناسەربازی، دەسەڵاتیان وەدەست گرت.



هەرچەنده رۆڵی پاشا لەم گۆڕانکارییه دیار نییه، بەڵام بەشی سەربازی به دروشمی پشتیوانی له بەرژەوەندیی نیشتمانی و پێگەی پاشا، پاساویان بۆ هەوڵی خۆیان دەهێناوه.



هەڵوێستی جێنشینی بهومیبۆل ئادولیادی بەتایبەت پێگەی ئەو لەناو خەڵک، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی ئەم وڵاته دەبێت.
Payamner-
Top