روسیا ئامادەیە گرەنتی " پاشەكشەیەكی سەلامەت" بدات بە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب

روسیا ئامادەیە گرەنتی

سوپای رووسیا جەختی لەوەكرد كە ئامادەیە گرەنتی" پاشەكشەیەكی سەلامەت" بدات بە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرهەڵاتی حەلەب لەگەڵ چەكەكانیاندا، ئەوەش لەكاتێكدا دێت وڵاتانی خۆرئاوا رەخنەی توند لەهەڵمەتی بۆردومانكردنی بەردەوامی گەڕەكەكانی ئەو بەشەی حەلەب دەگرن.

لێفتینانت ژەنەڕاڵ سێرگی رۆدسكۆی لەلێدوانێكیدا كە كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكان بڵاویانكردەوە ئاماژەی بەوەكرد جگە لەو هەنگاوە سوپای رووسیا گەرەنتی هاتوچۆیەكی ئازادانە دەدات بەهاوڵاتیانی مەدەنی لەخۆرهەڵاتی حەلەب بۆ دەرەوەی ئەو ناوچەیە یاخود بەپێچەوانەوە لەگەڵ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی.

رۆدۆسكۆی وتیشی: سوپای رووسیا ئامادەیە بۆ تاووتوێكردنی هەر دەستپێشخەری و پێشنیارێك لەوبارەیەوە وەك ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردۆتەوە.

ئەو لێدوانە لەكاتێكدا دێت كە لەچەند رۆژی رابردوودا فڕۆكە جەنگییەكان سوریا بۆردومانی بازاڕێكی بەشی رۆژهەڵاتی شاری حەلەبیان كردو 15 هاوڵاتی بەهۆیەوە كوژرا، ئەمڕۆش جارێكی دیكە فرۆكەكان بۆردومانی ئەو بەشەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان كردو بەوتەی چالاكوانە ئۆپۆزسیۆنەكان 11 كەس كوژراون. بەپێی ماڵپەری تایمزی ئەمریكی.

بەوەش ژمارەی كوژراوانی سێ رۆژی رابردوو ئەو شارە بۆ 65 بەرزبوویەوە.

كۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵ سوپای رووسیا كردنەوەی چوار رێرەوی مرۆیی و چەند خاڵێكی دەربازبوون لەدەروپشتی حەلەب راگەیاند كە بەوتەی مۆسكۆ تائێستاو لەڕێی ئەو رێڕەووخاڵی دەرازبوونانەوە 169مەدەنی و 69 چەكدار خۆرهەڵاتی حەلەب-یان جێهێشتووە.

لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی سوپای سوریا بەر لەو كۆبونەوەیە دێت كە وابڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لە لۆزان ئەنجامبدرێت لەنێوان روسییەكان و ئەمریكییەكان و نوێنەرانی وڵاتانی ناوچەكە لەبارەی سوریا.

كۆبونەوەكەی لۆزان-یش یەكەم چاوپێكەوتنی نێوان جون كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سێرگی لاڤرۆڤ-ی هاوتا روسییەكەی دەبێت دوای ئەوەی واشنتۆن لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا هەڵپەساردنی دانوستانەكانی لەگەڵ مۆسكۆ سەبارەت بە بارودۆخی سوریا راگەیاند.

بڕیاریشە دواتر كیری روو لە لەندەن بكات بۆ كۆبونەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی ئەمریكا كە بریتین لە فەرەنسا- ئەڵمانیاو بەریتانیا.

22ی مانگی رابردوو سوپای سوریا دەستپێكردنی هێرشێكی بەرفراوانی لە خۆرهەڵاتی حەلەب(كەلەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندایە و زیاتر لە 250 هەزار كەس تیایدا نیشتەجێن) راگەیاند.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بنكەكەی لە شاری لەندەنە ئاشكرای كردوە كە لەدوای شكاندنی ئاگربەستەكەی نێوان ڕوسیاو ئەمەریكا لە 19ی ئەیلولەوە، لانی كەم 358 هاوڵاتی مەدەنی لەشاری حەلەبدا كوژراون.

شاری حەلەب بەگەورەترین شاری سوریا ئەژماردەكرێت‌و پێشتر بەناوەندی سەرەكی ئەو وڵاتە دادەنرا بۆ بازرگانی و پیشەسازی.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا لەساڵی 2011 دا، حەلەب بارگرژی بەخۆوە نەبینی و دوور بوو لەپێكادانەكان، بەڵام لەساڵی 2012 دا بەهۆی هێرشی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەركردنی رژێمی سوریا لەو شارە بارگرژی‌و شەڕوپێكادانەكان لەوشارە سەریانهەڵدا.

ئەو هێرشەش بەس نەبوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی حەلەب لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، هەربۆیە لەوكاتەوە تائێستا بەشێك لەو شارە ( خۆرهەڵات) بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوە و بەشەكەی تری ( خۆرئاوا) بەدەست رژێمی سوریاوەیە.
Xandan-
Top