ئۆپێك لە دابەزاندنی ئاستی بەرهەمدا دەگاتە رێككەوتن؟
رۆژی 28ی ئەیلولی رابردوو، ئەندامانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) بە كۆی دەنگ بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێنن، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ ئەم بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی 30ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەگۆڕێت بۆ رێككەوتنێك یاخود نا.
دوای كۆبوونەوەكە، بەرپرسانی ئۆپێك رایانگەیاند كە لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ ئەوەی دیاری بكەن ئاخۆ هەر ئەندامێك چەند لە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەكەی كەم دەكاتەوە، ئاكامی كار و چالاكیی لیژنەكەش وەكوو راپۆرتێك ئاراستەی كۆبوونەوەكەی مانگی داهاتووی ئۆپێك لە ڤیەننا دەكرێت. بەڵام كاری ئەم لیژنەیە ئاسان نابێت، لەبەر ئەوەی ئاستی دابەزاندنی بەرهەمهێنان یەكێك بووە لەو كێشانەی شكستی بە چەندین هەوڵی سڕكردنی ئاستی بەرهەمهێنان هێناوە.
ئەوە یەكەمجارە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا ئۆپێك بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بدات. بەپێی بڕیارەكەش ئۆپێك دەبێ بەرهەمی نەوتیی خۆی لە نێوان 200 بۆ 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم بكاتەوە، واتە لە 33.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا (كە ئاستی بەرهەمهێنانی مانگی ئابی ئۆپێكە) بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل یان 33 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كەم بكاتەوە.
بە گوێرەی مەزندەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) ، ئەگەر ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 200 هەزار بەرمیل كەم بكاتەوە، ئەوە هەتا نیوەی دووەمی ساڵی 2017 هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر زێدەباری نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دانانێت، بەڵام ئەگەر كەمكردنەوەكە بە بڕی 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بێت، ئەوە زێدەباری نەوت لە بازاڕەكانی جیهان هەتا كۆتایی ئەمساڵ نامێنێت و نرخەكانی نەوت بەرز دەكاتەوە.
لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا ئێران بەربەستی سەرەكی بووە بۆ سڕكردن یانیش كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان. بەڵام دوای كۆبوونەوە شەش كاژێرییەكەی رۆژی چوارشەممەی ئۆپێك، بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی حكومیی ئێراندا بڕیارەكەی ئۆپێكی بە "ناوازە" لەقەڵەم دا.
نەرمبوونی سعودیە
یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد بڕیارەكە ئاسانتر دەستەبەر بێت، ئەوە بوو كە زۆربەی ئەندامانی ئۆپێك لە ئاستێكی پێوانەییدا نەوت بەرهەم دەهێنن، هەمووشیان دەزانن راگرتنی ئەم ئاستە لە پاییز و زستاندا كارێكی ئاسان نییە، بۆیەش جەی هەتفیڵد، بەڕێوەبەری گرووپی هاوكاریی دارایی ئێم ئێڵ پی، پێیوایە بڕیارەكەی ئۆپێك وەكوو ئەوەیە لەسەر هیچ شتێك رێكنەكەوتبن.
سعودیە بۆ یەكەمجار لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەستپێشخەریی كرد بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان كەم بكرێتەوە، هۆی سەرەكیی ئەمەش رەوشی ئابووریی ئەم وڵاتەیە كە لەلایەكەوە بەهۆی دابەزینی نرخەكانی نەوت و لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی جەنگی یەمەن، گوشارێكی زۆری كەوتووەتە سەر. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا یەدەكی دەرەكی سعودیە لە 737 ملیار دۆلارەوە بۆ 555 ملیار دۆلار دابەزیوە. ئەمە سعودییەكانی گەیاندە ئەو بڕوایەی سیاسەتی نەوتیی وڵاتەكەیان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەڵە بووە.
هەر بۆیە خالید فالح، وەزیری وزەی سعودیە، ئەگەرچی لە سەرەتای كۆبوونەوە نافەرمییەكەی جەزائیر لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێران تێكگیران، بەڵام دواتر رازی بوو لە بڕیارەكەی ئۆپێكدا خاتری ئێران، لیبیا و نایجیریا بگیرێت. ئەم هەڵوێستەی فالح پێچەوانەی هەڵوێستی وەزیری پێشووی وزەی سعودیە بوو كە دەیگوت ئابووریی سعودیە دەتوانێت بەرگەی نەوتی 20 دۆلاریش بگرێت. بە گوێرەی رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی، سعودیە تەنانەت هەتا ئەو شوێنەش چووە كە ئامادەن لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەشداری بكەن، ئەگەر ئێران بەشداری كەمكردنەوەكە بێت.
هەنگاوەكەی ئەمجارەی سعودیە ئەگەرچی بەس نییە بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی گەورە لەسەر بازاڕەكانی نەوت دابنێ، بەڵام ئاماژەیەك بوو بەوەی سعودیە وازی لە سیاسەتە توندەكەی دوو ساڵ لەمەوبەر هێناوە و دەیەوێ بە رێگەی دیپلۆماسی كێشەكە چارەسەر بكات، ئەگەر ئەمە راست بێت، دەشێت لە چەند مانگی داهاتوودا چاوەڕێی هەنگاوی دیكەی ریاز لە ناوەوە و دەرەوەی ئۆپێك بین.
كێشەی ئێران و عێراق
ئەگەرچی سعودیە لە كۆبوونەوە نافەرمییەكەی ئۆپێكدا بەرامبەر بە ئێران نەرمیی نواندووە، بەڵام هەتا ئێستا دیار نییە ئێران چ جۆرە بەشدارییەكی لەم پرۆسەیەدا دەبێ. پێشتر تاران رایگەیاندبوو بۆ ئەوەی بەشداری رێككەوتنی سڕكردن یان دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بن، دەبێ ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەیان بگاتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، واتە بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئێران بە رێژەی 10% لە چاو مانگی ئاب بەرز بكرێتەوە. بە گوێرەی داتاكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ئێران لە مانگی ئابدا رۆژانە 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. چاوەڕێ دەكرێ هەتا كۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنانی ئێران بگاتە چوار ملیۆن بەرمیل و لەوێوە بۆ بەشداریكردن لەم هەنگاوە نوێیەی ئۆپێكدا داوای ئاراستە بكرێت.
چەند كاژێرێك دوای راگەیاندنی بڕیارەكەی ئۆپێك، وەزارەتی نەوتی عێراق (كە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێكە) رایگەیاند وڵاتەكەی دوودڵە لەوەی ئاستی بەرهەمهێنان كەم بكاتەوە، لەبەر ئەوەی متمانەیان بە داتا و ژمارەكانی ئۆپێك نییە. یەكەمجار جەبار لوعێبی، وەزیری نەوتی عێراق لەنێو كۆبوونەوەكەدا هەڕەشەی دەرچوونی لە دانیشتنەكە كردبوو، بەڵام دواتر و پاش پێشنیاری پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە بەرهەمی هەركام لە وڵاتەكان، وەزیرە عێراقییەكە رازی بوو لە كۆبوونەوەكەدا بمێنێتەوە.
پاش كۆبوونەوەكەی شەوی چوارشەممە، وەزیری نەوتی عێراق جارێكی دیكە هەڕەشەی كرد كە ئەگەر زانیارییەكان سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام چاك نەكرێن، عێراق لە كۆبوونەوەكەی كۆتایی مانگی داهاتووی ئۆپێكدا بەشداری ناكات. بە گوتەی ئەو جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ژمارەكانی نێو راپۆرتەكەی ئۆپێك و ژمارە راستەقینەكاندا هەیە.
دوور نییە سعودیە بۆ رازیكردنی ئێران و عێراق لەسەر رێوشوێنێكی هەمەلایەنە، پەنا بۆ مۆسكۆ بەرێت، بۆ ئەوەی تاران و بەغدا رازی بكات كێشە بۆ بڕیارە سەرەتاییەكەی ئۆپێك دروست نەكەن.
هەنگاوەكانی داهاتوو
ئاكامی كۆبوونەوەكەی شەوی چوارشەممەی ئۆپێك بە شێویەكی بەرچاو لە نرخەكانی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا بەدیكراوە، بە جۆرێك لە رۆژی چوارشەممەوە بەهای نەوت لە نێوان 6 بۆ 7% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەگەرچی ئەمە چەندین ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەكانی وڵاتانی ئۆپێك دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە بە تەنیا ناتوانێت جووڵەی بازاڕەكانی نەوت هاوسەنگ بكاتەوە.
هەر بۆیە هەنگاوی داهاتوو دەبێ رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بێت كە لەم قۆناغەدا یەكەم وڵات رووسیایە. وەزیری نەوتی ئەو وڵاتە رۆژی هەینی رایگەیاندبوو "سەرەڕای رێككەوتنەكەی ئۆپێك، ئێمە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەمان لەوەی ئێستا رادەگرین و داینابەزێنین".
رووسیا لە مانگی ئابدا رۆژانە نزیكەی 7.10 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و نرخی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بە گونجاو دەزانێت.
بەبێ بەشداریكردنی رووسیا و وڵاتانی دیكەی دەرەوەی ئۆپێك، ئەم هەنگاوەی شەوی چوارشەممەی ئۆپێك ناتوانێت سەقامگیرییەكی درێژخایەن لە بازاڕەكانی نەوتدا دروست بكات. بە هەماهەنگیی نێوان ئۆپێك و رووسیا لەلایەكەوە هاوسەنگی بۆ بازاڕەكانی نەوت دەگەڕێتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە رێگە نادات نرخەكانی نەوت هێندە بەرز ببێتەوە كە هەلێك بە كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمریكا بدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی بەرز بكەنەوە.
Rudaw-
