پنتاگۆن: هەڕەشەکانی ئێران لە سعوودیە ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات

 پنتاگۆن: هەڕەشەکانی ئێران لە سعوودیە ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات
گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا (پنتاگۆن) سەبارەت بە مانۆڕی سعوودیە لە ئاوەکانی کەنداو، هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاشکرای کرد "هەڕەشەکانی ئێران لە سعوودیە ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات."

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ماڕک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەیکا لە بەرانبەر هۆشداری بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران لەمەڕ نزیکبوونەی پاپۆڕەکانی سعوودیە لە ئاوەکانی ئێران لە کاتی مانۆڕی سەربازی، گوتی "ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی لە هاتوچۆی هەموو پاپۆڕەکانی ناوچە و جیهان‌ دەکات."

تۆنەر هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بە مانای پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەیە.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ چوارشەممە 2016 -10- -5 لە بەیاننامەیەکدا دژکردەوەی توندی بە مانۆڕی سەربازیی سعوودیه نیشان دا و گوتی تەنانەت لە ئاوە ئازادەکانی نزیک بە سنووری ئێراندا تێپەڕ مەبن، چونکە دژکردەوەمان دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها گوتیشی "کە ئێمە ڕاشکاوانە ئەو بەیاننامەیەی سوپای پاسدارانی بە بێ‌بایەخ دەزانین."

ئەو بەیاننامەیەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە هیزی دەریایی سعوودیە دوێنێ چوارشەممە 2016 -1- -5 مانۆڕێکی سەربازیی لەژێر ناوی (قەڵغانی کەنداو 1) لە کەنداو و دەریای عومان بەڕێوە برد.

قەیرانی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و تاران لە ڕابردووەوە تا ئێستا هەر هەبووە، بەڵام لە دوای لەسێدارەدانی شێخ نەمر، ئاخوندی شیعە مەزهەب و هێرش بۆ سەر بنکە و ناوەندە دیپلۆماتیکەکانی سعوودیە لە ئێران پەیوندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە پچڕا.

هەروەها بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی بەردەوام حکوومەتی ئێران بە دەستێوەران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە تاوانبار دەکەن.












باسنيوز
Top