زۆربه‌ی هێرشبه‌ره‌کانی پاریس وه‌ک په‌نابه‌ر هاتوونه‌ته ئه‌وروپا
حه‌وت تیرۆریست له‌و نۆ تیرۆریستەی که ساڵی ڕابردوو هێرشی چەکدارییان کرده سه‌ر پاریس، وه‌ک په‌نابه‌ر هاتوونه‌ته ئه‌وروپا و خۆیان ناساندووه.
(سی.ئێن.ئێن)ی ئەمریکی هەواڵێکی ئاژانسی پاراستنی هه‌نگاریای بڵاویکرده‌وه و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئه‌و هێرشبه‌رانه‌ی بە چەک هەڵیانکوتایە سەر هاووڵاتییان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، به‌شێک بوون له ١٤ پیلانگێڕە که له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی به‌رفراوانی په‌نابه‌ران ساڵی پار ڕوویان له وڵاتانی ئه‌وروپا و یەک لەوان فەرەنسا کردبوو.
چه‌ندین تیرۆریست که‌وتوونه‌ته ناو لیستی چاودێریکراوانه‌وه له ئه‌وروپا که توانیوویانه به پاسپۆرتی ساخته‌ی سورییه‌وه خۆیان تێکەڵ بە کاروانی په‌نابه‌رانی سووری بکه‌ن و بگەنە ئه‌وروپا. لەو بارەیەوە، ئاژانسی دژه‌تیرۆری هه‌نگاریا ڕایگه‌یاند که له هاوینی ٢٠١٥ له کاتی کێشەی هاتنی بەلێشاوی په‌نابه‌راندا، تیرۆریستان یه‌که‌یه‌کی کاروباری لۆجستییان له ئه‌وروپا دامه‌زراندووه و بۆ ئەو مەبەستەش سوودیان له سنووره واڵاکانی وڵاتانی ئه‌وروپا وه‌رگرتووه.
Hawler-
