ئه‌ڵمانیا هه‌ڕه‌شه له فه‌یسبووك ده‌كات
وه‌زیری دادی ئه‌ڵمانیا ئاماژه به‌وه ده‌كات، فه‌یسبووك و تویته‌ر و گووگڵ، بابه‌ته نایاسایی و توندڕه‌وییه‌كان به خێرایی ره‌شده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت له‌و بواره‌دا هه‌وڵی زیاتر بده‌ن و ئه‌وه‌نده به‌س نییه.
هیكو ماس راشیگه‌یاند، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ڵامی داوای دامه‌زراوه حكوومییه‌كان ده‌ده‌نه‌وه، به‌ڵام سكاڵای دامه‌زراوه تایبه‌ته‌كان پشتگوێده‌خه‌ن و به‌هه‌ند وه‌رییان ناگرن.
ئه‌و وه‌زیره روونیشی كرده‌وه، ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییانه بڵاوكراونه‌ته‌وه و سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه، تویته‌ر 1%، یوتیوب 10% و فه‌یسبووكیش 46%ی ره‌شكردووه‌ته‌وه.
وه‌زیری داد ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌وان هه‌نگاوی داهاتوو تاووتوێده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت دوای ته‌واوبوونی توێژینه‌وه‌یه‌كی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی، كه مانگی ئادار/ مارسی 2017 ته‌واو ده‌بێت و گرتنه‌به‌ری رێكاری یاساییشی به‌دوور نه‌زانی.
ماس گوتیشی "ئێستا ره‌وشه‌كه باشتره، به‌ڵام به گوێره‌ی پێویست نییه، بۆیه پێویسته گوشاره‌كان له‌سه‌ر كۆمپانیاكان به‌رده‌وام بن".
k24-
