ئەردۆغان: باوەڕمان وایە کردەوەى هاوشێوەى "قەڵغانى فورات" لە عێراقیش پێویستە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا دوێنى ١٣ى ئەیلول لە میانى بەشدارى کۆبوونەوەیەکدا لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاندووە "باوەڕمان وایە کردەوەى هاوشێوەى "قەڵغانى فورات" لە عێراقیش پێویستە و داوا لە هێز و وڵاتە کاریگەرەکانى ناوچەکەش دەکەین لەم بارەیەوە پشتگیرمانبن، بۆ ڕێگەگرتن لەو خوێن ڕشتنە بەردەوامەى لە ناوچەکەدا ڕوودەدات".
ئەردۆغان وتووشیەتى "هەندێک لایەن و وڵات لە بڕیار و هەڵوێستى یەکلاکەرەوەی تورکیا لە ناوچەدا بێزاربوون"، جەختى لەوەش کردووە " تورکیا بەردەوام دەبێـت لە هەڵوێستەکانى و بێزارکردنى زیاتریان و لە داهاتووشدا هەنگاوى زیاتر لەو بارەوە دەنێت".
سەبارەت بە ئۆپراسیۆنى قەڵغانى فورات لە سوریا، ئەردۆغان وتوویەتى "لە ماوەى ڕابردوودا نیگەران بووین لەو وڵاتانەى کە پشتگیرى گروپە تیرۆرستییەکان دەکەن لە ناوچەکەدا و دەستیان سورە بە خوێنى گەڵانى ناوچەکە و کێشەکەش تەنها پەیوەندى بە سوریا و عێراقەوە نیە و بەڵکو پەیوەنیدارە بە سەرجەم ناوچەکە و هەر بۆیە تورکیا لەمەولا زیاتر ئامادەى دەبێـت لە گۆڕەپانەکەدا و کاریگەرى لەسەر هاوکێشەکانى ناوچەکە دەبێت".
ئەمەش لە دواى ئەوە هات ڕۆژى ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ سوپاى تورکیا و هێزەکانى سەربە ئۆپۆزسیۆنى سوریا ئۆپراسیۆنى 'قەڵغانى فورات" یان ڕاگەیاندوو هێرشیان کردە سەر جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان و تا ئێستاش هێرشەکان بەردەوامە و چەند جارێکیش شەڕ و پێکدادان لە نێوان یەپەگە و تورکیادا ڕوویداوە.
