ئەمریكا: هەڕەشەی چەكی كیمیاوی داعشمان لەعیراق تێكشكاند
فەریق جێفری هاریگیان لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەپنتاگۆن رایگەیاند "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لە نێوانیشیاندا فڕۆكەی بۆمبهاوێژی (بی 52 ئێف-18 دی) هێرشبەر، بۆمبارانی چەند بینایەكیان كردووە لە نزیك شاری موسڵ كە خۆی شوێنێ دروستكردنی دەرمان بووەو چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی گۆڕیویانە بۆ كارگەی دروستكردنی چەكی كیمیاوی".
شاری موسڵ-ی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، لەناوەڕاستی ساڵی 2014وە كەوتووەتە دەستی داعشو لەئێستادا هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئازادكردنی، تائێستاش دەیان مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لەناوچە جیاوازەكانی موسڵ، لەلایەن فڕۆككە جەنگیەكانی هاوپەیمانانەوە كراونەتە ئامانج.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی "ڕەنگە لەو كارگەیەدا گازی كلۆراین و غازی خەردەل دروستكرابێت"، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتەڕوو.
لەماوەی دوو ساڵی رابردووی شەڕی داعش، چەند جارێك باس لەوەكراوە ئەو رێكخراوە لەبەشێك لەهێرشەكانیدا جۆری جیاوازی چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە.
فەرماندە سەربازیەكەی ئەمریكا گورزە ئاسمانییەكانی وەكو "ئۆپراسیۆنێكی فراوانی باش نەخشە بۆ داڕێژراو" وەسفكرد كە زیاتر لە 50 ئامانجی لە شوێنەكەدا تێكشكاندووە، چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتەش ئاشكرایانكردووە كە 12ی فرۆكەی ئەمریكی لەهێرشەكاندا بەكارهێنراون.
فەریق جێفری هاریگیان رونیشیكردەوە، ئۆپەراسیۆنەكە بەشێكە لە هەوڵێكی فراوانتر بۆ تێكشكاندنی سەرچاوە سەرەكییەكانی دارایی داعش، كوشتنی سەركردەكانی و ریشەكێشكردن و نەهێشتنی هەڕەشەی سەربازی داعش لە عیراقو سوریا.
خەندان
