مەسیحیەكانیش ڕووبەری جینۆسایدكرن بوونەتەوە
(وەحیدە یاقو) پەرمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "لەگەل هاتنی هێرشی گروپی تیرۆریستی داعش، مەسیحی و ئاشوریییەکانی پارێزگای نەینەوایش وەکو كوردانی ئێزدی مەسیحیەكانیش ڕووبەری جینۆسایدكرن بوونەتەوە، تا ئێستا ژمارەیەك هاووڵاتیی مەسیحی لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان دیار نییە، بە گوێرەی بەدواداچوونی ئێمە ژمارەیان نزیكەی ٢٠٠ كەس دەبێت و لە ئافرەت و پیاو پێك هاتوون، ئەو هاووڵاتییە مەسیحیانە وەك كوردانی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە بردراون و نازانین لە كوێن و چییان بەسەردا هاتووە."
پەرلەمانتارەكەی مەسیحییەکان گوتیشی: "لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و ڕێكخراوە نێودەڵەتییەكاندا بەردەوام لەسەر خەت بووینە بۆ ئازادكرن و زانینی هەواڵی هاووڵاتییە مەسیحییەكانی لای داعش، بەڵام هەوڵەكان تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتوون و نازانین شەهید كراون یان لە ژیاندا ماون، جگە لەو دەست بەسەركراوانە هیچ هاووڵاتییەكی مەسیحی ئێستا لە ناوچەكانی بن كۆنترۆڵی گروپی تیرۆرستی داعش نەماوە و هەموویان ئاوارە بوونە."
وەحیدە دەشڵێ: "ژمارەیەك هاووڵاتی مەسیحی وەك چەكدار و پێشمەرگە شانبەشانی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریدا بوونە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بەرگری لە نیشتمان بكەن، لە یەكێك لە هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی ڕەبیعە ژمارەیەك پێشمەرگەی مەسیحی خەڵكی قەزای زاخۆ وەك دیل كەوتوونەتە دەستی داعش و چارەنووسیان دیار نییە."
KDP
