حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان میکانزمێکی سەرکەوتوویان بۆ ئاوارەکان نەبووە
(شاكر یاسین) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچوكۆچبەرانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی ناوەخۆ ڕایگەیاند: "ڕێژەی ئاوارە ناوەخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ملیۆنێکو777هەزارو888 كەس. هەوڵەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی عێراق لە ئاست داواكاری هەرێمدا نەبووە لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان. ئەگەر خزمەتێكیشیان كردبێت جیاوازی كراوە لەنێوان ئایین و نەتەوە و مەزهەبەكان."
ئەو بەرپرسەی كۆچوكۆچبەرانی هەرێم ئاماژەیشی دا: "دەمێكە ئێمە لەسەر هێلێن لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندی دارەكانی تایبەت بە كاروباری ئاوارەكان لە عێراق و جیهان بۆ ئەوەی ئامادەكاری پێویست بكرێت بۆ ئەو ڕێژە ئاوارە زۆرە چاوەڕوانكراوەی كە لە شەڕی مووسڵ ئاوارە دەبن. بۆیە چەندین كەمپیش ئامادە كراوە و كار بۆ دروستكردنی چەندین كەمپی تریش دەكرێت."
ڕوونیشی كردەوە: "ئەمجارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی كەم بێتەوە دەیەوێ هەرچی كەمپی نوێیە و دروست دەكرێت لە پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێم دروست بكرێت لەشێوەی ترانزێت. ئێستا وەكو ئامادەكاری بۆ هاتنی ئاوەرەكانی مووسڵ 5 كەمپ لە پارێزگای دهۆك و ناوچەی شێخان دروست دەكرێت و یەكیان ئامادەیە، لە سنووری مەخموریش 2 كەمپ ئامادەیە. بەڵام چاوەرڕوان دەكرێت 750هەزار كەسی تر ئاوارەی هەرێم بن كە ڕێژەیەكی یەكجار زۆرە و بەو 5 كەمپە تەواو نابێت، ئەمەش دەریدەخات حكوومەتی عێراق و ڕێكخراوە جیهانییەكان میكانیزمێكی سەركەوتوویان نەبووە بۆ ئاوارەكان."
ڕاشیگەیاند: "بەهۆی خراپیی ڕەوشی خزمەتگوزارییەكان لە ناو كەمپەكاندا بە تێكڕای ڕێژەی ئاوارەكان سەدا١٧یان لە كەمپەكاندانە."
ئاوارەكانی نیشتەجێ کوردستان ٤٠ کەمپیان بۆ دروست کراوە؛ بە هۆی پاڵەپەستۆی ئاوارەكان و شەڕی چاوەروانكراوی مووسڵەوە و كەمپی تریش دروست دەكرێت.
KDP
